سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان هۆشداری دەدات لەبارەی گەندەڵی و قۆرخکاری خاڵە سنوریەکانەوە

15/07/2020

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: بە (11) ڕێگای جیاواز لە خاڵە سنوریەکانی هەرێمی کوردستان پارە وەردەگیرێت و قەبارەی گەندەڵی لەوخاڵە سنوریانە ١٥٠ ملیۆن دۆلار زیاترە مانگانە.

عەلی حەمەساڵح سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان نوسراوێکی ئاراستەی حکومەت کردوە و نوسیویەتی : بەڕێزان لە سەرۆکایەتی حکومەت، ھەشت مانگ پێش ئێستا، لێکۆڵینەوەو بەدواداچونی وردمان کرد دەیان بەڵگەنامەمان ھێنا لە ئیبراھیم خەلیلەو فیشخابورەوە بۆ باشماخ، بە وردەکاری ئەوەی لەسەرجەم خاڵە سنوریەکان ڕودەدات خستمانە بەردەست بەڕێزتان، ئەوەبوو بەڵێن و بڕیاربوو چاکی بکەن، بەڵام تاوەکو ئەم ساتە زیادی کردوەو کەمی نەکردوە.

دەشڵێت: (27) کۆمپانیا بە نایاسایی و ناڕەوایی و گەندەڵی و نادای مانگانە دەیان ملیۆن دۆلار وەردەگرن، قەبارەی قاچاخی تەنیا لە باشماخ مانگانە نزیکەی ٢٥ ملیۆن دۆلارە، خاڵی سنوری لەگەڵ ڕۆژئاواو سوریا بەتەواوی بەدەست کۆمپانیاوەیە لە بری حکومەت و مانگانە چەندین ملیۆن دۆلار داھاتی ئەم کۆمپانیایەیەو حکومەت ھیچ.

سەرۆکی فراکسیۆن سەبارەت بە بازرگانی جگەرەش نوسیویەتی: ٪85 ی جگەرەی کوردستان ئێستا ھێزە ئەمنی و بەرپرس و کۆمپانیا دەسەڵاتدارەکان بە قاچاخ داخڵی دەکەن، گومرگی جگەرە نادرێت کە ٪50ی بەھاکەیەتی، کۆمپانیا ھەیە مانگانە لە خاڵە سنوریەکان ھەشت ملیۆن و ھەیە چوار و ھەیە دوو ملیۆن دۆلاری دەستدەکەوێت! بەبێ ئەوەی کارێکی وا بکات
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە کۆتایی نوسینەکەیدا دەڵێت:
بەدواداچونمان کرد، ھەرچی زانیاری و بەڵگەیە کۆمانکردەوە،داوای دانیشتنی پەرلەمانمان کردو دامان بە داواکاری گشتی و دادگا، خستمانە بەردەست سەرۆکایەتی حکومەت و وەزیرەکان، پێوستە چاکیبکەن.



هەواڵی زیاتر