بەیاننامەی فراکسیۆنی گۆڕان لەبارەی ڕووداوەکەی پردێ
29/09/2026
بە نیگەرانییەکی قووڵەوە لە ڕووداوە نەخوازراوەکەی ڕۆژی ٢٧ی ئەیلوول لە ناحیەی پردێی پارێزگای کەرکووک دەڕوانین، کە لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆن و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا ، بەداخەوە دوو گەنجی کورد، موراد زانا و محەمەد هێمن، شەهید کران.
فراکسیۆنی گۆڕان، لەگەڵ پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ بەردەوامبوونی هەوڵەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بنبڕکردنی تیرۆر، جەخت لەوە دەکاتەوە کە پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی دەبێت لە سەرووی هەموو ڕێکار و ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا بێت. پێویستە هێزە ئەمنییەکان لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا بەرزترین ئاستی وریایی و پاراستن بگرنەبەر، بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی بێتاوان نەبنە قوربانیی ڕووبەڕووبوونەوە چەکدارییەکان.
داوا لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەین، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی فەرمی و شەفاف پێکبهێنێت بۆ ڕوونکردنەوەی هەموو وردەکارییەکانی ئەم ڕووداوە و دیاریکردنی بەرپرسیارێتییەکان، بۆ ئەوەی مافی قوربانییان و بنەماڵەکانیان بپارێزرێت و ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوی هاوشێوە بگیرێت.
لە کۆتاییدا، سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری موراد زانا و محەمەد هێمن دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەم و پەژارەیان دەزانین.
فراکسیۆنی گۆڕان
لە پەرلەمانی کوردستان