گۆڕان له‌به‌رده‌م ئه‌گه‌ری‌ ئۆپۆزسیۆنبون و چونه‌ناو ده‌سه‌ڵات چی‌ ده‌كات؟

03/11/2018

بەپێچەوانەی ئەو هێزانەی بۆ بڕیارەكانیان ناگەڕێنەوە بۆ رای گشتی ئەندام و
لایەنگرانیان، لە بزوتنەوەی گۆڕاندا پرۆسەی بڕیاردان لەخوارەوە دەستپێدەكات
و هەموان بەشدار و گوێ‌ لێگیراون.

ئێستا ئەم بزوتنەوەیە لەبەردەم دوریانێكدا وەستاوە و پێویستە بڕیاربدات و
رێگایەك هەڵبژێرێت بەشداریكردن لە حكومەت یان بون بە ئۆپۆزسیۆن.

بزوتنەوەی گۆڕان پێشتر هەردو ئەم رێگایەی تاقیكردۆتەوە، كە تائەندازەیەكی
باش لە هەردو رێگاكەدا سەركەوتو بوە، كاتێك لە (2009) بۆ (2013) ئۆپۆزسیۆن
بو، ئەو هێزە بو كە روحی كرد بە بەری پەرلەماندا و كردییە سەنگەرێك بۆ
بەرگریكردن لە پرۆژە سیاسیەكانی و روبەروبونەوەی گەندەڵی و بە (25) كورسیی
پەرلەمانیەوە توانی روبەڕوی دو هێزی سیاسی ببێتەوە كە زیاتر لە (17) ساڵ بو
دەسەڵاتداری ئەم هەرێمە بون و تەواوی هێزی كوردستان و داهاتی ئەم وڵاتەیان
لەبەردەستدا بو.

لە قۆناغی دواتریشدا كاتێك بەشداریكرد لە كابینەی هەشتی حكومەتی هەرێمدا،
تەنها لەماوەی ساڵێك و سێ‌ مانگدا، توانی لەو وەزارەتانەی بەدەستیەوە بون
چاكسازی گەورە بكات و تەنانەت بەدانپێدانانی سەرۆكی حكومەتیش كە دواتر
حیزبەكەی بڕیاریدا بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت دەربكات، وەزیرەكانی گۆڕان لە
چالاكترین وەزیرەكانی كابینەكەی بون.

ئێستا پرسیارە جەوهەرییەكە ئەوەیه‌ گۆڕان ببێت بە ئۆپۆزسیۆن چی پێ‌ دەكرێت و بچێتە حكومەت دەتوانێت چی بكات؟

راستە تائێستا بڕیار نەدراوە بزوتنەوەكە كام لە دو رێگاكە هەڵدەبژێرێت،
بەڵام بەرپرس و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆران نەیانشاردۆتەوە، كە بەهەركام
لە رێگاكاندا بڕۆن كار بۆ یەك ئامانج دەكەن لەم چوار ساڵەدا، ئەویش
باشكردنی ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان و بەرگریكردن دەبێت لە موچەی
فەرمانبەران و وەك لەكارنامەی هەڵبژاردنیشیاندا هاتوە، كاردەكەن بۆ
هەرێمێكی خزمەتگوزار و دادپەروەر.

ئێستا پرسیاری خەڵك ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر بزوتنەوەی گۆڕان بچێتە حكومەت،
دەتوانێت بەرگری لەو ئامانجانە بكات؟، بە بیرهێنانەوەی رابردوی بزوتنەوەكە
كە تا لە حكومەتدا بو نەیهێشت موچەی فەرمانبەران كەمبكرێتەوە و هەنگاوی
گەورەی نا بەئاراستەی یەكخستنی هێزی پێشمەرگە و دەرخستنی داهات و سەرچاوەی
داهات، بێگومان بەچونی بۆ حكومەت دەتوانێت كاریگەربی گەورە لەسەر داهاتوی
ئەم هەرێمە جێبهێڵێت.

لەكاتێكدا كە ئەم هەرێمە لە بەردەم چەندین ئاڵەنگاریدایە بەتایبەت كە
ناوچەكە بەگۆڕانكاری گەورەدا تێپەڕدەبێت و ریفراندۆم و (16)ی ئۆكتۆبەریش
هەرێمەكەیان روبەڕوی گرفتی گەورەتر كردۆتەوە، كەپێویستی بەهێزێكی نیشتیمانی
هەیە بۆ راستكردنەوەی هەڵەكان و بردنی ئەم هەرێمە بۆ كەنارێكی ئارام.

بەپێچەوانەوە ئەگەر گۆڕان نەچێتە حكومەت و ببێت بە ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت چی
بكات؟، بێگومان لەم رێگایەشدا بزوتنەوەی گۆڕان تاقیكراوەتەوە و ئەو هێزەیە
كە دەتوانێت سەركردایەتی بەرەی ئۆپۆزسیۆن و شەقام بكات و دەیان كەناڵی
سیاسی و دیبلۆماسی هەیە كە لەرێگایانەوە دەتوانێت بەربگرێت بە هەر هەنگاوێك
كە لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستان نەبێت.

دوای ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە موئامەرەیەكی گەورە رزگاری بو، كە ئامانجی
ئەوەبو ئەم بزوتنەوەیە كۆتایی پێبهێنێت، ئێستا بزوتنەوەكە لە هەمو
ئاستەكاندا و بەتایبەت لەناوخۆدا لە خۆڕێكخستنەوە و پێداچونەوە و
گۆڕانكاریی گەورەدایە، كە چاوەڕێ‌ دەكرێت هەنگاوەكانی داهاتوی زۆرێك لە
دەنگدەرەكانی ئاشت بكاتەوە و كۆتاییش بە خەونی موئامەرەچیەكان بهێنێت.


هەواڵی زیاتر