گۆڕان پرسی بەشداریكردن یاخود بون بەئۆپۆزسیۆن یەكلادەكاتەوە

28/11/2018

پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ بۆ ساڵی داهاتو دوادەكەوێت و جڤاتی نیشتمانی گۆڕانیش پرسی بەشداریكردن یاخود بون بەئۆپۆزسیۆن یەكلادەكاتەوە.

دوای نزیكەی دو مانگ لە بەشداریكردنی هاوڵاتیان لە دەنگدان، هێشتا لایەنەكان هەنگاوی یەكەمیان بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم نەناوە، بەپێی زانیارییەكان پێکهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم دەكەوێتە ساڵی داهاتو.

پارتی دیموكراتی كوردستان دوای پێكهێنانی وەفدە راوێژكارییەكەی، چاوەڕێ‌ دەكرا هەنگاوی دواتری بەدوادا بێت، بەڵام سەردانی بارزانی بۆ بەغدا و دەرەوە كۆبونەوەی سەركردایەتی ئەو حیزبەی دواخست، دوای ئەوەی بارزانیش گەرایەوە، وابڕیارە لە چەند رۆژی داهاتودا نێچیرڤان بارزانی، سەردانی توركیا بكات، بەوەش پێكهێنانی وەفدی دانوستانكار و هەنگاوی یەكەم چاوەڕێ‌ دەكرێت بۆ مانگی داهاتو دوابكەوێت.

بەپێچەوانەی كابینە حكومیەكانی پێشتر، ئەمجارە لەناو پارتی دیموكراتی كوردستانیشدا رای جیاواز لەسەر پێكهاتەی تیمی حكومی پارتی هەیە، بۆیە چاوەڕێ‌ دەكرێت پرسی پێكهێنانی حكومەت لانی كەم بۆ ساڵی نوێ‌ دوابكەوێت، بەوپێیەی لەپشوی سەری ساڵدا زۆرێك لە بەرپرسانی حیزبی هەرێم بۆ بەسەربردنی پشوەكە رو لە وڵاتانی دەرەوە دەكەن.

ئەندامێكی وەفدە راوێژكارییەكەی پارتی بە (کەی ئێن ئێن) راگەیاندوە، هەنگاوی یەكەمی پێكهێنانی حكومەت تەنیا لای پارتی نیە، ئێستا ئەوانیش چاوەڕێی وەڵامی یەكێتی و گۆڕان دەكەن سەبارەت بە پرسی بەشداریكردنیان و چۆنیەتی بەشداریكردنیان لە حكومەتدا.

بەپێی زانیارییەكانی(کەی ئێن ئێن) پرسی بەشداریكردن یاخود بون بە ئۆپۆزسیۆن لە بزوتنەوەی گۆڕاندا، لە كۆبونەوەی داهاتوی جڤاتی نیشتیمانی یەكلادەكرێتەوە، هەرچی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیشە، رۆژی سێ شەمە لەبارەگای مەكتەبی سیاسی یەكیتی لەسلێمانی كۆبۆوە لەبارەی حكومەتەوە بەكۆی دەنگ بریاریان داوە، بۆگفتوگۆكانی حكومەت وەڵامی یەكێتی بۆ پارتی ئەوەبێت كە یەكێتی بەشداری ڕاستەقینەی دەوێت لەكابینەی نوێدا و لەپۆستەكانیشدا سورە لەسەر وەرگرتنی هەردو پۆستی (جێگری سەرۆكی حكومەت ‌و سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان).
هەر لە كۆبونەوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا پرسی دو جێگر بۆ سەرۆكی حكومەت تاوتوێ‌ كراوە و زۆرینەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە بەلایانەوە ئاسایی بوە دو جێگر هەبێت.


هەواڵی زیاتر