شەماڵ عەبدولوەفا: دەمانەوێت لە ساڵی‌ نوێدا هەڵبژاردنی‌ ناوخۆیی بکەین و کۆنفرانسی‌ نیشتیمانی ببەستین

24/11/2020

ئەندامێکی‌ خانەی‌ راپەڕاندن ئاماژە بەوە دەکات کە هەنگاوەکانی‌ ئۆرگانەکانی‌ بزوتنەوەکە دەستیپێکردوە بۆ ئەنجامدانی‌ هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان و بەستنی‌ کۆنفرانسی‌ شارەکان و کۆنفڕانسی‌ نیشتیمانی‌ و دەڵێت: هەوڵ و ئامانجمان ئەوەیە لە پێنج تا شەش مانگی‌ دیکەدا هەڵبژاردنەکان بکرێن و کۆنفرانسی‌ نیشتیمانیش ببەستین.

شەماڵ عەبدولوەفا، سکرتێری‌ کاروباری‌ باژێرەکان و ئەندامی‌ خانەی‌ راپەڕاندنی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان لە دیمانەیەکدا لەگەڵ (سبەی‌) باس لە پرسە ناوخۆییەکانی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان و هۆکارەکانی‌ دواکەوتنی‌ هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان و بەستنی‌ کۆنفڕانسی‌ نیشتیمانی‌ دەکات و دەڵێت: دواکەوتنی‌ ئەو بابەتانە پەیوەندی‌ بە هۆکاری‌ خودی‌ و بابەتییەوە هەبوە لە هاتنە پێشی‌ شەڕی‌ داعش تا بڵاوبونەوەی‌ پەتای‌ کۆرۆنا، بەڵام دوای‌ کۆبونەوەی‌ جڤات و لە (15) رۆژی‌ رابردودا بە چڕی‌ لەنێو ئۆگانەکانەوە کارمان لەسەر ئەو پرسانە کردوە بە ئامانجی‌ ئەوەی‌ لە پێنج تا شەش مانگی‌ دیکەدا هەم هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان بەڕێوەببرێن هەم کۆنفرانسی‌ شارەکان و کۆنفرانسی‌ نیشتیمانی‌ ببەستین".

لەبارەی‌ گۆڕانکاری‌ لە دەستور و کاری‌ رێکخراوەیی‌ بزوتنەوەکەش، ئەندامەکەی‌ خانەی‌ راپەڕاندن دەڵێت: "دەستوری‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان مەبدەئەکەی‌ بەشداریپێکردنی‌ هەمو شارەکانە لە دەسەڵاتی‌ بزوتنەوەکەدا، بۆیە دەست لەستراتیژی‌ رێکخراوەیی گۆڕان نادرێت، بەڵام لە وردەکارییدا رەنگە پێویستمان بەوە بێت هەندێک گۆڕانکاری‌ لە پەیڕەوی‌ ئۆرگانەکان بکرێت، لە هەشت ساڵی‌ رابردوشدا گۆڕانکاری‌ زۆر لە بواری‌ رێکخراوەیی‌ هاتوەتە ئاراوە ئەوەش پێویستی‌ بە پێداچونەوە هەیە".


هەواڵی زیاتر