راپەڕینى سلێمانى وەکو خۆى!

09/03/2021


بەشی دوەم

لەدوای ئەوە بەر چاومان رون بوەوە، زانیمان  خەڵکی سلیمانی راپەڕیوە، لە پاشاندا ھەر سێ رەتڵەکە لە نزیک شەقامی شەست مەتری یەکمان گرتەوە و خەڵکێیکی زۆر ھاتبونە پێیشوازیمان، سەرەتا وایان زانیبو سەربازەکانی رژێمین لە رەبایەکان دێینە خوارەوە، چونکە ئێمە لەنزیک رەبایەکانەوە ھاتین،  کە گەشتینە لای خەڵک پێیشوازییەکی گەرمیان لێکردین و پێشمان کەوتن بۆئەو قوتابخانەیەی بەرامبەر مزگەوتی (عەلی کەمال) کە  خەڵکی راپەڕیوی شاری سلێمانی وەک بنکەی خۆیان  بەکاریان دەهێنا، نابێ ئەوەشمان بیر بچێت کە رێکخستنەکانی کۆمەڵە و سرک رۆڵێکى باشیان بینیبو لەناو شاردا و رێنمایی خەڵک و ھەتا لە ھەندێک شوێن سەرکردایەتی راپەرینەکەیان دەکرد، جیهازێکی  راکاڵ بە (کاک خالید رەزا) بو کە ماوەیەک بو هاتبونە ناو شار، بەردەوام هەواڵەکانی ناوشاریان ئەدا بە سەرکردایەتی.

سەرەتا بە وردی گوێمان لە خەڵک گرت لەسەر رەوشەکە، پاشان هێزەکانمان کرد بە سێ بەشەوە:
بەشی یەکەم: ژمارەیەک پێشمەرگەمان نارد بۆ ئەو شوێنانەی کە هێشتا مقاوەمەی تێدا مابو، وەک ئەمنە سورەکە، ئەوە بوە لە ماوەیەکی کەمدا توانیان بە تەواوەتی دائیرەی ئەمن کۆنترۆڵ بکەن.

بەشی دوەم: ژمارەیەک لە کادرەکانی رێکخستنمان دانا بۆ کۆکردنەوە و پارێزگاری کردن لە دۆکیۆمێنتەکانی ئەمن و ئیستیخبارات و لە چەند شوێنێکی بارەگاکانی رژێم جێگیرمان کردن. بێگومان هەر لە سەرەتای راپەڕینەکەوە رێکخستنەکانی ناوشاری سلێمانی ئەوانیش دەستیان کردبو بە کۆکردنەوەی ئەو دۆکیۆمێنتانە.
بەشێ سێیەم: ژمارەیەک لە کەسایەتیەکانی شار هاتنە لام، داوایان کرد ئاگامان لە بانکەکانی ناو شاربێت بۆ ئەوەی فەرهود نەکرێن، ئێمەش بۆ ئەم مەبەستە چەند مەفرەزەیەکمان لە پێشمەرگە سلێمانییەکان رێکخست و ناردنمان بۆ پارێزگاری کردن لە بانکەکان، ئەو پێشمەرگانە زۆربەیان بەرپرس بون و پیاوی ئازا و بە هیمەت بون، توانیان بە سەلیقەی خۆیان بانکەکان بپارێزن.

وەک لە سەرەتاوە باسم کرد، ئێمە شەوى (٦-7/3) لە ئەشكەوتەکانی زاخێ دەرچوین و شەوی (7-8/3) گەیشتینە سلێمانی، ئێمە وەک میحوەری سلێمانی لە دو قۆڵەوە دابەزین، لە قۆڵی بلەکی بە شاخی سورکێودا بۆ شارباژێر بۆ نزیک ئەشکەوتەکانی زاخێ، لەو سنورە پارتیزانەکان و مەفرەزەکانی بە تالیۆنی حەوت چەندین حەشارگەی تەقەمەنی و دەیان تەن ئازوقەیان لە ژێر زەوی بۆ هێزی پێشمەرگە ئامادەکردبو.
قۆڵی دوەم لە کێوەڕوە بۆ شاناخسی کە سنوری تیپی (٧٣) بو، پێشتر تیپی (٣٧)ی شارباژێڕ کە فەرماندەی هەمو میحوەرەکە کاک ملازم عومەر، کاک شەوکەتی حاجی موشیر و مام رۆستەمیان لەگەڵ بو، ئەم ‌قۆڵە جگە لە تیپێکی بەتالیۆنەکەی ئێمە، بە تالیۆنی شەشی کەرکوکیشیان لەگەڵ بو، بەهۆی باران و هەستانی چەمی چۆمان رۆژێک دواکەوتن و رۆژی دواتر گەیشتنە لامان، ئێمەش هەرچی ئۆتۆمبیلمان لابو ناردمان بە پیریانەوە.

بەڵام قۆڵی ئێمە تەنها بەتالیۆنی حەوت و ئەویش دو تیپ و کادرەکانی بارەگای بەتالیۆن لەگەڵ مەفرەزە پارتیزانیەکانی شارباژێر کە ژمارەیەک مەفرەزەی زۆر چالاکی لێ بو. لە قۆڵی قەرەداخیشەوە دو مەفرەزەی پارتیزان هاتبون کە دەورێکی باشیان هەبو.

لە قۆڵی شارباژێرەوە بڕیاربو لە مانگی دو کە ئەو هێزەی بەتالیۆنی حەوت هاتە خوارەوە، هێزیکی پارتی دیموکراتیش لەگەڵ ئێمە دابەزێت، بۆ ماوەی هەفتەیەکێش چاوەڕیمان کردن، بەڵام دوایی ئاگاداریان کردین کە ئێمە دابەزین، چونکە ئەوان جارێ هێزەکەیان ئامادە نیە، ئەوە بو لە (١٣ی ٢ی ١٩٩١) ئێمە هاتینە شارباژێر.

پاش ئەوەی کاک ملازم عومەر و ئەوان گەیشتن، کەوتینە رێکخستن و خۆ ئامادەکردنی هێزەکە بەرەو کەرکوک، ئێمە هەر لە دوای هێوربونەوەی دۆخەکە، سەرجەم بارەگاکانی حیزبی بەعسمان کرد بە بارەگای رێکخستنەکانی بەتالیۆنی حەوت-ى یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بۆ کۆکردنەوەی دۆکیۆمێنتەکان و رێکخستنی جەماوەر و ناونوسکردنی هاوڵاتیان بۆ ریزەکانی پێشمەرگە، تا وای لێهات هێزەکانمان لە (١٥٠٠) کەس تێپەڕی کرد.

کاک نەوشیروان تەشکیلەی بەتالیۆنەکانی واکردبو کە هەر بەتالیۆنێک (١٧١) پێشمەرگە بو، جگە لە یەدەگەکان و پارتیزانەکان،  ئەو (١٧١) پێشمەرگەیە سەرجەم کادرو فەرماندە بون، هەمو وا راهێنرابون بتوانن لەکاتی پێویستدا سەرکردایەتی (٢٥٠٠) پێشمەرگە بکەن، دیارە ئەمە دوربینی کاک نەوشیروان بو لەو کاتەدا. لە کۆتایشدا هەر وا دەرچو.

ئێمە لە سێ چوار رۆژدا خۆمان ساز و ئامادەکرد و هێزەکانمان ئامادەکردن بۆ جوڵە، رۆژی (12/3) بڕیارمان بۆ هات هێزەکانمان بجوڵێنین لە سلێمانیەوە بەرەو چەمچەماڵ.

ماویەتی بۆ بەشی سێیەم


هەواڵی زیاتر