دانا عەبدولکەریم: ئەولەویەتى گۆڕان چاکسازی و باشترکردنى بژێویى خەڵکە

28/01/2019

ئەندامێکى شاندى
دانوستانکارى گۆڕان رایدەگەیەنێت کە بزوتنەوەکە دەیەوێت لە چوار ساڵى داهاتودا
پێداچونەوە و رێکخستنەوە بۆ دامەزراوەکانى هەرێم بکرێت بەشێوازێک لە خزمەتى خەڵک
بێت و متمانەى هاوڵاتیانى بگەڕێنێتەوە، دەشڵێت:"داواکارى کۆبونەوەى سێقۆڵیمان
پێشکەش کرا و لەپێناو پەلەکردن لە پێکهێنانى کابینەى نوێ وەڵامى ئەرێنیمان هەبوە و
رەنگە سەرەتاى هەفتەى داهاتو ئەو کۆبونەوەیە ئەنجام بدرێت".

دانا
عەبدولکەریم بەرپرسى بەشى حکومەت لە ژورى پەرلەمان و حکومەت و ئەندامى شاندى
بزوتنەوەى گۆڕان، ناوەڕۆکى کۆبونەوەکەى ئەمڕۆ لەگەڵ پارتى دیموکراتى کوردستان
ئاشکرا دەکات و دەڵێت: "کۆبونەوەکەى ئەمڕۆ گرنگ بو، گفتوگۆى چڕ لەبارەى
پێوەرەکان و بەرنامەى کابینەى نۆیەمى حکومەت کرا، هەم بەرنامەى کارى حکومەت و هەم
چۆنیەتى پێکهێنانى حکومەتى داهاتو، کە لە کۆبونەوەکانى داهاتودا دەرئەنجامى باشى
لێدەکەوێتەوە".

ئەندامەکەى شاندى
دانوستانکارى بزوتنەوەى گۆڕان، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەولەویەتى گۆڕان چاکسازییە لە
هەرێمى کوردستان بە خزمەتکردنى خەڵک لە سێکتەرە جیاوازەکان بە  "باشترکردنى بژێوى خەڵکى کوردستان، دواتر
پێداچونەوە بە دامەزراوەکان و رێکخستنەوەیان و دانانى بەرنامەیەک بۆ ئەوەى لە چوار
ساڵى داهاتو ئەگەر گۆڕان بەشداریى کرد لە حکومەت ئەوا خزمەتى زیاتر بە خەڵک بکرێت
و جیاواز بێت لە ساڵەکانى رابردو".

ئاماژە بەوەش دەکات کە
تائێستا لەمپەرێکى قورس لەبەردەم گفتوگۆکاندا نییە، هەردولا تێڕوانینى خۆیان پێشکەشکردوە
و کۆکن لەسەر ئەوەى کابینەى داهاتو پتەو و بەهێز بێت بۆ پێشکەشکردنى خزمەت بە
هاوڵاتیان و بە نیشتیمانیکردنى دامەزراوەکان.

لەبارەى خاڵە
ناکۆکەکانیشەوە، دانا عەبدولکەریم لەو چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ (کەى ئێن ئێن) دەڵێت: "لە
چەند ساڵى رابردودا جۆرێک لە ئەزمونى ناخۆشمان بەڕێکرد لە شێوازى حوکمڕانى، ئەمە
کاریگەرى لەسەر هەردو لامان دروستکردوە، بۆیە دروستکردنەوەى متمانە و ئیرادەى
هاوبەش پێویستى بە کات و ئیرادەى جددى هەیە و ئەوەش لە کارکردندا دەردەکەوێت، هەرچەندە
گفتوگۆکان بە ئاڕاستەى باش دەڕوات، بەڵام خاڵى ناکۆکیش هەیە بۆنمونە تێڕوانینى
ئێمە بۆ پێوەرەکانى حکومەت لەگەڵ تێڕوانینى پارتى بۆ پێوەرەکان".

وتیشى: "ئێمە
پێمانوایە لە خوارەوە دەست بە چاکسازى بکەین، بۆئەوەى بڕیارەکان و بەشێکى زۆرى
بەرنامەى حکومەت جێبەجێ بکرێن، بەڵام شاندى پارتى لەسەرەوە پێوەرەکانى دیارى کردوە".

دانا عەبدولکەریم
ئەوەش رون دەکاتەوە کە لەو پڕۆژە و بەرنامەیەى پێشکەشیان کردوە، سود لە پاکێجەکانى
گۆڕان و بەرنامە و بەڵێنەکانى هەڵبژاردن وەرگیراوە و دەڵێت:"ئێمە لە ئیستاوە
چاومان لەسەر ئەوەیە کە بۆ چوارساڵى دیکە چیمان بۆ بەدامەزراوەییکردنى
دامەزراوەکانى هەرێم و چەسپاندنى سیستمى پەرلەمانى و خەڵکى کوردستان کردوە".

هەروەک جەختى لە گرنگى
پاراستنى قەوارەى هەرێمى کوردستان کردەوە و باسى لەوە کرد ئەگەر لە رابردودا
کەموکوڕى هەبوبێت، ئەوا بزوتنەوەى گۆڕان پێیوایە دەبێت ئەو قەوارەیە بەهێز بکرێت
لەپێناو پاراستنى ئایندەى خەڵکى هەرێمى کوردستاندا.

ئەوەشى خستەڕو کە
تائێستا لەگەڵ پارتى دیموکراتى کوردستان نەگەیشتونەتە رێککەوتن، بەڵام ئاڕاستەى
کۆبونەوەکان بە باشى و گەیشتنە رێککەوتن دەڕوات.

سەربارەت بەوە کە
پارتى دیموکراتى کوردستان لە کۆبونەوەکەى ئەمڕۆدا داواکارى یەکێتى تایبەت بە
کۆبونەوەى سێقۆڵى خستوەتە بەردەم گۆڕان، ئەندامەکەى شاندى دانوستانکارى گۆڕان
وتى:"وەک گۆڕان پێمانباشە تا زوتر کابینەکە پێک بێت باشترە و قازانجى زیاترە
بۆ خەڵکى کوردستان، لەو سۆنگەیەوە وەڵامى ئەرێنیمان دایەوە کە ئامادەین بۆ
کۆبونەوەى سێ قۆڵى یان چوار قۆڵیش، چونکە ئێمە پێمانباشە کۆمەڵى ئیسلامیش بەشدارى حکومەت
بکات، بەڵام ئەگەر لە ئێستاشدا ئەو سێ لایەنە بین ئامادەین بۆ کۆبونەوە".

هەر لەو چاوپێکەوتنەدا
دانا عەبدولکەکریم رونى کردەوە کە بزوتنەوەى گۆڕان بەپێویستى دەزانێت بە هەوڵ و
بەشداریى هەمو لایەنە کوردیەکان و پێکهاتەکانى دیکەى کەرکوک، دۆخى ئەو شارە ئاسایى
بکرێتەوە و بچێتە قۆناغێک کە خزمەتى خەڵکى شارەکە بکات "واتە رێککەوتنێک
هەبێت لەنێوان سەرجەم لایەنەکان نەک تەنها یەکێتى و پارتى، ئەوەى گرنگە
ئاساییکردنەوەى دۆخى شارەکەیە نەک پارێزگار لە فڵان حیزب بێت یان نا".


وەک ئەندامى شاندەکە
رایگەیاند، بزوتنەوەى گۆڕان دەیەوێت لە چوار ساڵى داهاتودا، پێداچونەوە و
رێکخستنەوە بۆ دامەزراوەکانى هەرێم بکرێت بە ئامانجى هێنانەدیى چاکسازى لە خزمەتى
خەڵک و گەڕاندنەوەى متمانەى هاوڵاتیان بۆ دامەزراوەکانى هەرێم و حکومەت
دەشڵێت:"ئەوەش بە خزمەتکردنى هاوڵاتیان و بە نیشتیمانیکردنى دامەزراوەکان و
لێپێچینەوە لە گەندەڵکاران و هێنانەکایەى شەفافیەت بەدى دێت، ئەگەر ئەو بنەمایەى
ئێمە دیاریمان کردوە جێبەجێ بکرێت بەشێکى زۆرى کێشەکانى رابردو چارەسەر دەبن".


هەواڵی زیاتر