جەلال جەوهەر: شەراکەتی راستەقینە یان ماڵوێرانی و هەرەسێکی تر

06/02/2019

جەلال جەوهەر ئاماژە بە پێویستی شەراکەتی راستەقینەى
سیاسی دەکات لە هەرێمی کوردستان و عێراق لەپیناو رێگرى لە هەرەسێکى دیکە و رایدەگەیەنێت؛
لە ئەزمونی خەباتی چەکداری و حوکمڕانیشدا، نەبونی شەراکەتی راستەقینە هۆکاری
ماڵوێرانی و بێ ئومێدی بوە بە پرس و جوڵانەوەی کوردی.

لە وتارێکیدا لەژێر ناونیشانی
"شەراکەتی سیاسی لە جوڵانەوەی چەکدارییەوە بۆ حوکمڕانی" کە بە تایبەت بۆ
(سبەی) نوسیوە، جەلال جەوهەر، ئەندامی خانەی راپەڕاندن و سەرۆکی شاندی
دانوستانکاری بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پێکهێنانی حکومەت؛ ئاماژە بە شەراکەتی سیاسی
دەکات لە قۆناغە جیاوازەکاندا لە هەرێمی کوردستان و دەڵێت: دوای (58)ساڵ لە
جوڵانەوەی چەکداری و (27)ساڵ لە حکومڕانی، پرسی شەراکەتی سیاسی نەک هەر
نەچەسپاوە لە کوردستانی عێراق، بەڵکو بێ بڕوایی و بێ ئومێدی بە پرسی کورد و
جوڵانەوەی کورد جێگای گرتوەتەوە.

پێشیوایە؛ بەپێی ئەزمونی (27) ساڵی
رابردو، لە پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنەکانی هەرێم و عێراق، هێز و لایەنە دەسەڵاتدارەکانی
هەرێم نەک هەر پابەندنەبون بە جێبەجێکردنی ئەو گرێبەستە و شەراکەتەوە بەڵکو
وێنەیەکی زۆر ناشیرین و خراپیان نمایشکرد لە شەڕ و تەزویر و ساختە و پێشێل کردنی
شەراکەت لە هەڵبژاردنەکان و پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان.

سەبارەت بە بەرەوپێشچونی رەوتی
دانوستانەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و پەیوەندی لایەنە سیاسییەکانی
هەرێم، ناوبراو بە پرسیارێک کۆتایی بە نوسینەکەی دەهێنێت و دەپرسێت "دوای ئەو
هەمو کارەسات و ماڵوێرانیە، لە قوربانی گیانی و لەدەستدانی نیوەی خاکی کوردستان،
ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە، پارتی و یەکێتی کامیان هەڵدەبژێرن، پڕۆسەیەکی سیاسی و
تەندروست و بێ غەل و غەش و شەراکەتێکی راستەقینەی سیاسی، یان کارەسات و ماڵوێرانی
و هەرەسێکی تر".


هەواڵی زیاتر