ئاشنا عەبدوڵا: پێویستە بابەتى دەرماڵەى خوێندکاران بخرێتە بەرنامەى کارى پەرلەمانەوە

22/11/2021

پەرلەمانتارێکى گۆڕان جەخت دەکاتەوە لەوەى؛ بەپێى یاسا دەبێت دەرماڵەى خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان بگەڕێنرێتەوە و دەڵێت: دەبێت ئەو پرسە بخرێتە نزیکترین دانیشتنى پەرلەمانەوە.

ئاشنا عەبدوڵا ئەندامى فراکسیۆنى گۆڕان لە لیژنەى پەروەردە و خوێندنى باڵاى پەرلەمانى کوردستان، رەوایەتى داواکاریى خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ گەڕاندنەوەى دەرماڵەکانیان دوپات دەکاتەوە بە سایتى فەرمى (گۆڕان)ى راگەیاند: ئێمە لە رابردودا هەوڵمانداوە بۆ گەڕاندنەوەى ئەم مافەى خوێندکاران و بۆ ئەوەش یاداشتێکمان بە واژۆى (48) ئەندامى پەرلەمان پێشکەشى سەرۆکایەتى پەرلەمان کردوە و پێویستە ئەو بابەتە بخرێتە بەرنامەى کارى نزیکترین دانیشتینى پەرلەمانەوە.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە بەوە دەکات کە نەگەڕاندنەوەى دەرماڵەى خوێندکاران پێشێلکارى یاسایە و دەبێت بەپێیى یاسا بگەڕێنرێتەوە.

هەروەک ئاماژە بە چەندین کێشەى دیکەى خوێندکاران دەکات لە هاتوچۆ و دابیننەکردنى سوتەمەنى و کەموکوڕى بەشە ناوخۆییەکان و دەڵێت: هەمو ئەوانە بارگرانین بۆ سەر خوێندکاران و خانەوادەکانیان، بۆیە پێویستە وەزارەتى خوێندنى باڵا بە زوییى وەڵامى هەبێت بۆ ئەو دوا کارییانە و ئەوە بزانێت خوێندکار و پڕۆسەى خوێندن زیانى زۆر دەکەن لە هەڵوێست وەرگرتنى خوێندکاران و بایکۆتکردنى هۆڵەکانى خوێندن".

پێشتر و لە سەرەتاى ئەم مانگەدا پەرلەمانتارەکەى فراکسیۆنى گۆڕان یاداشتێکى بۆ گەڕاندنەوەى دەرماڵەى خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان بە واژۆى (48) ئەندامى پەرلەمان لە فراکسیۆنە جیاوازەکان پێشکەشى سەرۆکایەتى پەرلەمان کرد و رایگەیاند: لە ساڵى (2015) بۆ (2016)دا دەرماڵەى خوێندن بە چەند بەهانە و پاساوێک بڕدرا لەوانە شەڕى داعش و دابەزینى بەهاى نەوت و بڕینى پشکى هەرێم لە بەغدا و قەیرانى داراییەوە، بەڵام ئێستا ئەو پاساوانە هیچى نەماون، بۆیە پێمانوایە هیچ بەهانەیەک نییە بۆ بڕین و نەگەڕانەوەى دەرماڵەى خوێندن بۆ خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان.


هەواڵی زیاتر