فراکسیۆنى گۆڕان: ئەنجومەنى وەزیران چۆن بە بڕیارێک دەرماڵەى خوێندکارانى راگرتوە، پێویستە بە بڕیارێک ئەو مافەیان بۆ بگەڕینێتەوە

23/11/2021

فراکسیۆنى گۆڕان پاڵپشت خۆى بۆ داواکارى رەواى خوێندکاران دوپات دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت؛ ئەنجومەنى وەزیران چۆن بە بڕیارێک لە ساڵى (2014)ەوە دەرماڵەى خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکانى راگرتوە، پێویستە بە بڕیارێک دەرماڵەیان بۆ بگەڕینێتەوە.

پێش نیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە (23/11/2021)، فراکسیۆنى گۆڕان لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا لە پەرلەمانى کوردستان پاڵپشتى خۆى بۆ داواکارییەکانى خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکانى هەرێمى کوردستان دوپاتکردەوە و رایگەیاند: خوێندکاران مافى خۆیانە دەرماڵەیان بۆ بگەڕینرێتەوە، چونکە بڕینى دەرماڵەکانیان نایاساییە و حکومەتى هەرێم و عێراقیش رێککەوتون لە سەر بودجەى (2021) لە چوارچێوەى ئەو رێککەوتنە دەرماڵەى خوێندکاران جێگیر کراوە.

ئاشنا عەبدوڵا ئەندامى لیژنەى پەروەردە و خوێندنى باڵا بە ئامادەبونى سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانى فراکسیۆنەکە لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەى بەوەشکرد؛ لەو یاداشتەى ئاڕاستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانمان کردوە، داوامان کردوە وەزیرانى تایبەتمەند بێنە پەرلەمان و رونى بکەنەوە بۆچى لەدواى کۆتایی هاتنى ئەو قەیرانانەى کراونەتە پاساو بۆ بڕینى دەرماڵە، دەرماڵەى خوێندکاران نەگەڕێنراوەتەوە.

وتیشى: چۆن بە بڕیارێک ئەو دەرماڵەیە لەلایەن ئەنجومەنى وەزیرانەوە بڕدراوە، پێویستە ئەو دەرماڵەیە بە بڕیارێکى ئەنجومەنى وەزیران بگەڕێنرێتەوە.

ئەوەشى خستەڕو کە کێشەکە تەنها دەرماڵە نیە، بەڵکو ساڵانە چەندین کێشە هەیە لە نەبونى خزمەتگوزارى و پێداویستییە سەرەتاییەکان لە ئاو سوتەمەنى و گەرمکەرەوە و فێنککەرەوە کە پێویستە بۆ زانکۆ و پەیمانگاکان و بەشە ناوخۆییەکان دابین بکرێن.


هەواڵی زیاتر