د.شۆڕش حاجی: بەشداری کۆبونەوەکەی سبەینێی پەرلەمان دەکەین

18/02/2019

ئەندامێکی خانەی
راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتیمانی
بزوتنەوەی گۆڕان رەشنوسی رێککەوتنی شاندی دانوستانکاری گۆڕان و پارتی بە کۆمەڵێک
سەرنج و تێبینییەوە پەسەندکرا، دەشڵێت: شاندی دانوستانکاریان راسپاردوە کە
بەردەوامی بدەن بۆ گفتوگۆکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی سیاسی.

د.شۆرش حاجی، ئەندامی
خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان بە (سبەی) راگەیاند؛ لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی
جڤاتی نیشتیمانیدا تاوتوێی راسپاردەکانی جڤاتی گشتی کراوە و رەشنوسی
رێککەوتنەکەیان بە کۆمەڵێک سەرنج و تێبینییەوە پەسەندکردوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، کە
جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان، شاندی دانوستانکاری بزوتنەوەکەیان راسپاردوە کە بەردەوامبن
لە دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی سیاسی کۆتایی و هەروەها پەسەندکردنی
بەرنامەی کاری حکومەت.

سەبارەت بە
کۆبونەوەکەی سبەینێی پەرلەمانیش، ئەو ئەندامەی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان رونیکردەوە،
کە فراکسیۆنی گۆڕانیان ئاگادارکردوەتەوە کە بەشداری لە کۆبونەوەکەی سبەینێ
دوشەممەدا بکەن.

رونیشیکردەوە، پێشتر
وادەی کۆبونەوەی پەرلەمان دیاریکراوە و پەیوەندی بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە نەبوە،
بەڵام ئەوان داوایان لە پارتی دیموکراتی کوردستان کردوە کە دەرفەتی زیاتر بە
لایەنەکانی دیکە بدەن بۆ ئەوەی کۆبونەوەکەی پەرلەمان سەرکەوتوتر بێت.


هەواڵی زیاتر