(گۆڕان پابەندە بە بەها و پرەنسیپەکانی‌ چاکسازییەوە)

27/02/2019

ساماڵ سەردار رایدەگەیەنێت؛ نەریتى رێککەوتن بۆ بەشداریکردن لە حکومەت
لەپێناو ئەنجامدانى چاکسازى و جێبەجێکردنى بەرنامەى هەڵبژاردن، بزوتنەوەى
گۆڕان دایهێناوە و دەشڵێت: "گۆڕان لەپێناو ئەوە دروستبوە بەرنامە و
بەڵێنەکانى بۆ چاکسازى و بەرەوپێشبردنى هەرێم و باشکردنى ژیانى خەڵک بەدى
بهێنێت و ئێستاش بە هەمان نەفەس بەردەوام دەبێت و پابەندە بە بەها و
پرەنسیپەکانییەوە لە حکومەتدا".

ساماڵ سەردار، وەزیرى
پێشوى پیشەسازى و بازرگانى هەرێم لەسەر پشکى گۆڕان، ئاماژە بە گرنگى ئەنجامدانى
چاکسازى دەکات لە حوکمڕانیدا و دەڵێت:"ئەگەر ئەمە بۆ زۆر شوێن راست بێت، بۆ
هەرێمى کوردستان راستترە، چونکە لە چەند ساڵى رابردودا حکومەتى هەرێم و ئەم قەوارەیە
بە تەنگژەى قورسدا تێپەڕیوە و بەردەوام بارێکى زۆرى گەندەڵى و خراپ بەکارهێنانى
دەسەڵات و دەرچون لە یاسا و رێنماییەکان بەسەر شانیەوە بوە و بە تێپەڕبونى کات ئەو
قەیرانانە کەڵەکە بون".

ئەو رونى دەکاتەوە کەمیى
رێژەى بەشداریکردنى خەڵک لە کۆتا دو هەڵبژاردنى ساڵى رابردو زەنگێکى مەترسیدارە بۆ
دەسەڵات، چونکە ماناکەى ئەوەیە "خەڵک متمانەى بە دەسەڵات نەماوە و بۆشاییەکى
گەورە کەوتوەتە نێوان دەسەڵات و خەڵکەوە".

ساماڵ سەردار ئەوە بیر
دەهێنێتەوە کە بزوتنەوەى گۆڕان بۆ یەکەمجار وەک ئۆپۆزسیۆنێکى راستەقینە داواى
چاکسازى کرد و بەرنامە و ئامانجى خۆى خستەڕو، دەڵێت: "ئێستاش دۆخێک هاتوەتە
ئاراوە کە هەڵناگرێت چاکسازى نەکرێت، دەبێت بە جدى دەست بە چاکسازى بکرێت و خەڵک
هەست بکات ئەم پەرلەمان و کابینە نوێیە چاکسازى دەستپێکردوە و گۆڕانکارى بکرێت،
واتە خەڵک هەست بکات تروسکاییەک ماوە بۆ چاکسازى و دەنگدان و گەڕانەوەى متمانە".

لەبارەى رێککەوتنى بزوتنەوەى
گۆڕان و پارتى دیموکراتى کوردستانیشەوە، ساماڵ سەردار وتى:"لەمێژوى حکومڕانى،
هیچ لایەنێک لەسەر بنەماى رێککەوتنى سیاسى بەشدارى حکومەتى نەکردوە، ئەوەى پارتى و
یەکێتى کردویانە وەک مەکرەمە داویانە بە هەندێک لایەن، بەڵام نەریتى رێککەوتن بۆ بەشداریى
لە حکومەت گۆڕان دایهێنا، بە لەبەرچاوگرتنى سەنگ و قورسایى خۆى، واتە کاتێک
وتویەتى دەچمە حکومەتەوە لەسەر کۆمەڵێک پرەنسیپ و ئامانج و بەرنامەیەک کە خۆى پێشتر
لەبارەیانەوە بەڵێنى بە خەڵک داوە".

وتیشى:"گۆڕان
لەپێناو ئەوە دروستبوە بەرنامە و بەڵێنەکانى بۆ چاکسازى و بەرەوپێشبردنى هەرێم و
باشکردنى ژیانى خەڵک بەدى بهێنێت، لەپێناو ئەوەشدا قوربانى داوە، ئێستاش لەسەر هەمان
بنەما و بە شەفافانە رێککەوتنێکى نوسراوى واژۆ کردوە بۆ بەشداریى لە کابینەى نۆیەم".

لەبارەى ئەو رەخنانەش
کە هەندێک لایەنى سیاسى لە رێککەوتنەکەى دەگرن، دەڵێت: "بەداخەوە هەندێک
رەخنە دەبیستین وەک ئەوە وایە گۆڕان سازشى کردبێت، لەکاتێکدا بەشێکى زۆرى ئەو
پرەنسیپانەى گۆڕان خەباتى لەپێناودا کردوە لە رێککەوتنەکە جێ کراوەتەوە"، باس
لەوەش دەکات ئەگەر رەخنەکان بە ئاڕاستەى بەشدارى گۆڕان بێت لە کۆبونەوەکەى
پەرلەمان، ئەوا هیچ پەیوەندییەکى بە گۆڕانەوە نییە بەوپێیەى پێشتر خودى یەکێتى و پارتى
بڕیاریان لەوەدابو کە (18)ى شوبات دیارى بکرێت بۆ ئەنجامدانى کۆبونەکە نەک گۆڕان.

ساماڵ سەردار دوپاتى
دەکاتەوە؛ گۆڕان هەر بەڵێنێکى دابێت و هەر رێککەوتنێکى کردبێت پابەندى جێبەجێکردنى
بوە، چونکە بەرژەوەندى تایبەت و شەخسى و حیزبى تێیدا نەبوە، ئێستاش دۆخێک هاتوەتە
پێش کە حکومەتى هەرێم ناتوانێت بەم رێڕەوەى گرتویەتیە بەر بەردەوام بێت، بۆیە
دەبێت چاکسازى بکات و خزمەتى زیاتر پێشکەشى خەڵکى کوردستان بکات.

دەشڵێت:"بزوتنەوەى
گۆڕان لەپێناو کۆمەڵێک ئامانج دروستبوە بەچەند قۆناغێک لە خەباتى ئۆپۆزسیۆن بون و
پێشکەشکردنى پاکێج و پڕۆژەى چاکسازى و بەشداریکردن لە دەسەڵات، ئێستاش بە هەمان
نەفەس بەردەوامە لەپێناو جێبەجێکردنى بەرنامە و گەیشتن بە ئامانجە باڵاکانى، لەو
پێناوەشدا پابەندە بە چاکسازى و ئەو ئەرکەى لەسەر شانیەتى لە حکومەتدا".


هەواڵی زیاتر