گوڵستان سەعید: گۆڕان رێگەى لەبەردەم تواناکانى ژنان کردوەتەوە

09/03/2023

سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ گۆڕان دۆزى ژنى لە دروشمبازى داماڵیوە و بە کردار رێگەى لەبەردەم تواناکانى ژنان کردوەتەوە و پێیوایە کێشەکانی ئافرەتان لە کێشەکانی کۆمەڵگە جیاناکرێتەوە و پێویستە ستەم و نادادى کۆتایی بێت بۆئەوەى ژنیش ئازاد و سەربەخۆ بێت.

گوڵستان سەعید، سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان لە (سیمپۆزیۆمى ژن و ئاڵنگارییە سیاسى و کۆمەڵایەتییەکان)، رایگەیاند: ئەگەر کۆمەڵگەیەک ئازاد نەبێت و هاوڵاتییانى خاوەن سەربەخۆیى و ئابورى سەربەخۆی خۆیان نەبن و پیاوەکان تیایدا بچەوسێنەوە ئەبێ دۆخى ژن تێیدا چۆن بێ؟، بۆیە دیدگاى بزوتنەوەى گۆڕان ئەوەیە کە
دۆز و کێشەکانى ئافرەتان بەستراوەتەوە بە تەواوى کۆمەڵگە و کێشەکانیەوە و جیانکرێنەوە، ئەو کاتەى کۆتایی بە ستەم دێت و مرۆڤ ئازاد دەبێت ژنیش ئازاد دەبێت.

لەبارەى هەوڵ و هەنگاوەکانى بزوتنەوەى گۆڕانیشەوە بۆ خزمەتکردن بە دۆزى ژن، گوڵستان سەعید ئەوەى بیرهێنایەوە کە لە ساڵى (2011)دا گۆڕان خاوەنى پڕۆژەیاساى بەرەنگاربونەوەى توندوتیژى بوە کە پێشتر لە کوردستان ناوچەکەش یاسایەکى لەو شێوەیە نەبوە، ئەوەش سەروەرییەکى گۆڕانە، وتیشى: گۆڕان دەیەوێت ژن لە کۆیلایەتى و زوڵم و ستەم رزگار بکات و وایکردوە ژن ئازادانە و سەربەستانە پاڵپشت بە تواناکانى خۆى بەشدارى خەبات بێت و کارى سیاسى و بەڕێوەبردن لە بەردەمیدا کراوەیە لەنێو ئۆرگانەکان و تەنانەت فراکسیۆن و پشک و بەرکەوتەى لە حکومەت و حکومەتى خۆجێیی پێگەى ژن پارێزراوە، هاوکات بنەماى (جیاکارى رەگەزیى باش) پەیڕەو دەکات بەوەى کاتێک ژن و پیاوێک بۆ پۆستێکى حزبى و حکومەت دەنگەکانیان هاوتا بێت ئەفزەلیەت بۆ ژنەکەیە و ئەو دادەنرێت.


هەواڵی زیاتر