باژێروانی مەکۆی کەرکوک: هەڵبژاردنى داهاتو چارەنوسسازە بۆ کورد، بۆیە گۆڕان لەگەڵ یەک دەنگى و یەک لیستیدایە

15/07/2023

باژێروانی مەکۆی کەرکوکی بزوتنەوەی گۆڕان جەخت دەکاتەوە لەوەى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق بۆ کەرکوک و ناوچە کوردستانییە کێشە لەسەرەکان چارەنوسسازە بۆ کورد، بۆیە گۆڕان لەگەڵ یەک دەنگى و یەک لیستیدایە.

حەکیم عوبێد، باژێروانی مەکۆی کەرکوکی بزوتنەوەی گۆڕان، رایدەگەیەنێت؛ بەرنامەى گۆڕان بۆ کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکان رون و ئاشکرایە لەپێناو پاراستنى سەنگ و پێگە و مافى کورد، پیمانوایە هەڵبژاردنى داهاتوى ئەنجومەنى پارێزگاکان کە کەرکوک و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان دەگرێتەوە هەڵبژاردنێکى چارەنوسسازە و دەخوازێت لایەنە سیاسییەکان پێکەوە بەشداربن و " کەرکوک لە هەموکات زیاتر پێویستى بە یەکدەنگى کورد و یەک لیستى لایەنە سیاسییەکانى هەیە".

دەشڵێت: بە ئەرکى خۆمانى دەزانین هاوکاربین بۆ پێکهێنانى یەکدەنگى و یەکڕیزى کورد لەم ناوچانە پێویستە لایەنە سیاسییەکانى دیکەش هەمان ستراتیژیان هەبێت و نەبنە هۆکار بۆ تێکدانى ماڵى کورد".

ئەوە لەکاتێکدایە شاندێکى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان کە هەفتەى رابردو بۆ پشتیوانى لە جوتیارانى مانگرتوى کورد و تورکمان سەردانى کەرکوکیان کرد، لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا هەڵوێستى فەرمى بزوتنەوەى گۆڕانیان راگەیاند و ئاشکرایان کرد: بزوتنەوەى گۆڕان لەگەڵ هەر هاوپەیمانێتى و یەک لیستیەکدایە کە هەمو لایەنە سیاسیە کوردستانییەکان تێیدا بەشداربن و "پێویستە یەکێتى و پارتى بەرژەوەندى حیزبى و بنەماڵەیی و کەسى وەڵا بنێن و بەرژەوەندى نیشتیمانى و نەتەوەیی کوردستانى پێش بخەن، چیتر کورد باجى ململانێى بچوکى حیزبى و شەخسى نەدات"


هەواڵی زیاتر