سەرپەرشتیارى ژورى هەڵبژاردن: گۆڕان هەمیشە دوپاتیکردوەتەوە کە نابێت لەژێر هیچ پاساوێکدا پرۆسەى دیموکراسى لەمپەرى بۆ دروست بکرێت

16/10/2023

سەرپەرشتیارى ژورى هەڵبژاردنى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ ناکۆکییەکانى پارتى و یەکێتى هۆکارى دواخستنى هەڵبژاردن و بریارەکانى دادگاى فیدڕاڵین، چونکە ئەگەر کاتى خۆى کە بزوتنەوەى گۆڕان پڕۆژە و دیدگاى خۆى خستەڕو گوێى لێبگیریایە و کار لەسەر پڕۆژەکەى بکرایە هەرێمى کوردستان نەدەکەوتە بۆشایی یاساییەوە.

یاسین حەمەعەلى، سەرپەرشتیارى ژورى هەڵبژاردنى بزوتنەوەى گۆڕان هۆکارى دواخستنى هەڵبژاردنەکان و کەوتینە بۆشایی یاساییەوە دەخاتە ئەستۆى پارتى و یەکێتى و ململانێ حیزبیەکانیان و دەڵێت: ئەگەر دیدگاکانى گۆڕان لەبەرچاو بگیرایە و گوێ لەو پڕۆژەیە بگیرایە کە ساڵێک پێش کۆتایی هاتنى وادەکە لە رێى فراکسیۆنى گۆڕانەوە پێشکەشکرا بۆ هەموارى سایاى هەڵبژاردن و کۆمیسیۆن، ئەم پڕۆسەیە پەکى نەدەکەوت، بەڵام گوێ لەو پڕۆژەیە نەگیرا و ئەو پرسە یەکلا نەکرایەوە تاگەشتینە ئەم قۆناغە و بۆشایی یاساییەوە.

دەشڵێت: بەداخەوە بەهۆى ناکۆکییە حیزبییەکانى یەکێتى و پارتی بونەهۆکارى ئەوەى پڕۆسەى هەڵبژاردن لە هەرێمى کوردستان دواکەوت تا ئەوەى دادگاى فیدراڵى کۆمەڵێک بڕیار لەسەر هەرێمى کوردستان و دامەزراوە شەرعییە هەڵبژێردراوەکان بدات و بیانخاتە ژێر پرسیار و بکەونە بۆشایی یاساییەوە.

هەروەک جەخت دەکاتەوە لەوەى؛ بزوتنەوەى گۆڕان هەمیشە ئەوەى دوپاتکردوەتەوە کە لەژێر هیچ پاساوێکدا نابێت پرۆسەى دیموکراسى لەمپەرى بۆ دروست بکرێت و هەڵبژاردن دوابخرێت.


هەواڵی زیاتر