یاسین حەمەعەلى: هەڵبژاردنى ناوخۆیی و کۆنفرانسى نیشتیمانى لە بزوتنەوەى گۆڕاندا جیاوازە لە هێز و لایەنە سیاسییەکانى دیکە

13/12/2023

سەرپەرشتیارى ژورى هەڵبژاردنى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ هەڵبژاردنى رێکخەرى گشتى و خانەى راپەڕاندن بڕیارى جڤاتى نیشتیمانییە و ئێستاش کە دەرگاى خۆپاڵاوتن کراوەتەوە هەر هەڵسوڕاوێک مەرج و رێنماییەکان بگرێتەوە دەتوانین خۆى کاندید بکات.

یاسین حەمە عەلى، سەرپەرشتیارى ژورى هەڵبژاردنى بزوتنەوەى گۆڕان لەبارەى بڕیارى هەڵبژاردنەکە و دواین رێکارەکانەوە رایدەگەیەنێت؛ دواى گفتوگۆ و را گۆڕینەوە لەگەڵ هەڵسوڕاوان و دڵسۆزانى بزوتنەوەى گۆڕان، بزوتنەوەکە جڤاتى کە بەرزترین دەسەڵاتە بڕیاریدا خولى سێیەمى هەڵبژاردنى رێکخەرى گشتى و خانەى راپەڕاندن ئەنجامبدرێت، ئێستاش لەلایەن ژورى هەڵبژاردنەوە دەرگاى خۆپاڵاوتن کراوەتەوە و هەمو هەڵسوڕاوان لە هەر ئەرکێکى رێکخراوەییدا بن و مەرج و رێنماییەکان بیانگرێتەوە دەتوانن فۆرمى کاندید بون پڕبکەنەوە بۆ بەشداریکردن لە پڕۆسەکە، بەتایبەت کە کارکردن لە بزوتنەوەى گۆڕان جیاوازە لە هێزەکانى دیکە و ئەوەندەى ئەرک و بەپرسیارێتییە، ماف نییە.

سەرپەرشتیارى ژورى هەڵبژاردن ئاماژە بەوەش دەکات کە هەیکەلیەتى بزوتنەوەى گۆڕان جیاوازە لە هێزە سیاسییەکانى دیکە هاوکات شێوازى پەیکەرى رێکخراوەیی و هەڵبژاردنیشى جیاوازە، بۆنمونە هەڵبژاردن لە کۆنگرە و کۆنفرانس ئەنجاکم نادرێت، بەڵکو لە بزوتنەوەى گۆڕاندا کۆنفرانسى نیشتیمانى لە دوبەشى سەرەکی پێکدێت یەکەمیان؛ هەڵسەنگاندنى هەمەلایەنە بۆ سەرجەم ئۆرگانە رێکخراوەییەکان و بڕیار و گوتارى سیاسى دەکرێت و دواتریش پێداچونەوە و هەموارکردنەوەى دەستور و بەرنامەى سیاسى هەر گۆڕانکارییەک ئەگەر پێویست بێ بۆ وەڵامدانەوەى قۆناغى نوێى کارى سیاسى.

ئەوە لەکاتێکدایە رۆژى چوارشەمە (١٥ی ١١ی ٢٠٢٣)، جڤاتى نیشتمانى بزوتنەوەى گۆڕان بڕیاریدا بەپێى ڕێکارەکانی دەستورى ناوخۆیی، خانەى ڕاپەڕاندن و رێکخەرى گشتى هەڵبژێردرێت و لەژێر ڕۆشنایی ئەو بڕیارەدا، ژورى هەڵبژاردن بە گوێرەی ڕێکارە دەستورییەکان؛ وەکو یەکەم هەنگاوی دەستپێکی پرۆسەکە، رۆژى سێشەممە(١٢ی ١٢ی ٢٠٢٣) دەرگای خۆپاڵاوتنى بۆ هەڵبژاردنی خولی سێیەمی رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن کردەوە.


هەواڵی زیاتر