ستەم کامیل: لە کەشوهەوایەکى هێمندا گفتوگۆکان بەڕێوە دەچن

28/01/2024

ستەم کامیل، لە نیوەڕۆى دوەم رۆژى دوهەمین کۆنفرانسى نیشتمانیدا لە کۆنگرەیەکى رۆژمانەوانیدا رایگەیاند: لە کەشوهەوایەکى هێمندا دەستمان بە کاروبارەکان کردوە، وەک ئاگادارن رۆڵى کۆنفرانس بریتیە لە پێداچونەوە بە دەستورى ناوخۆ و پلاتفۆرمەکان و پێشکەشکردنى هەندێک راپۆرتى هەڵسەنگاندن بۆ ئەداى جڤاتى نیشتیمانى و ئەداى تیمەکانمان لە پەرلەمان و ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکان و ئەداى تیمەکانى بزوتنەوەى گۆڕان لە حکومەتى هەرێم و حکومەتە خۆجێییەکان و ئەم کۆنفرانسە دەکەینە دەرفەتێک بۆ ئاشتەوایی جارێکى دیکە کۆکردنەوەى نێوماڵى بزوتنەوەى گۆڕان و کارکردن لەسەر خاڵە بەهێزەکان و داواى لێبوردن لە هەڵەکان.

ئاماژەى بەوەشکرد؛ وەک بەشێک لە پێداویستیە قانونیەکان و هەڵبژاردن کۆنفرانسمان گرێداوە، ئەوانەى بەشدار نەبون بەو مانایە نیە کە لە گۆڕان ترازاون، بەڵکو دەرفەتى کارى پێکەوەیی و هاوبەشى ماوە بۆ ئایندە، نوێبونەوەى بزوتنەوەى گۆڕان کۆمەڵێک پڕۆسە و هەنگاوى درێژخایەنە کە یەکێکیان بەستنى کۆنفرانسى نیشتیمانییە، لەگەڵ گەڕانەوە بۆ پاکێجەکانى چاکسازى کە هەرێمى کوردتان لە هەمو کات زیاتر پێویستى پێیەتى.

رونیکردەوە؛ لەسەر ئاستى ناوخۆ رەنگە دەستورى ناوخۆ وەکخۆى جێبەجێ نەکرابێت و لە ئاستى دەرەوەش گرنگى جدى بە گوتارى سیاسى نەدراوە، بە ئاوڕدانەوە بۆ دواوە دەزانین بەرنامەى سیاسى گۆڕان چەند گرنگە و لە قوڵاییەکى فکرى سیاسى و پێداویستى واقیعى سیاسى و کۆمەڵایەتى خەڵکى کوردستانەوە هەڵقوڵاوە بۆ هەمو کەرتەکانى پەروەردە و تەندروستى و دۆخى موچە و یەکنەخستنى هێزەکانى پێشمەرگە، ئەم بەرنامە سیاسییە رایەڵەى کۆمەڵایەتى نێوان بزوتنەوەى گۆڕان و کۆمەڵانى خەڵک بوە ئێستا لەناو هۆڵى کۆنفرانس راپۆرتى پلاتفۆرمى هەڵبژاردنەکانى پەسەند کردوە و هەڵسەنگاندن بۆ ئەداى جڤاتى نشتیمانى و ئەنجومەنە هەلبژێردراوەکان دەکرێت.


ستەم کامیل ئەوەشى خستەڕو کە بارودۆخى سیاسى هەرێمى کوردستان لە بەردەم کۆمەڵێک ئاڵنگارى جدیدایە لە عێراق و ئاستى ئیقلیمیش، کە پێویستى بە روئیایەکى نیشتمانى هەیە لەدەرەوەى تێڕوانینى حیزبى و پرسى خۆخۆرى و بەرژەوەندیە تەسک و کەسییەکان، لە (15) ساڵى رابردودا بزوتنەوەى گۆڕان لە کارى پەرلەمانى و جوڵە سیاسییەکانى و بەرنامەکەى و چونیشى بۆ حکومەت، سەنتەرەکەى ئەو تێگەیشتنە بوە کە هاوڵاتیان بکرێنە سەنتەرى حکومڕانى و بڕیاریدان، بەڵام بەداخەوە وەک پێویست نەکراوە و گوێى لێنەگیراوە.

هەروەک جەختى کردەوە کە کۆنفڕانسەکە لە کەشێکى ئارام بەڕێوەدەچێت، هەندێک گۆڕانکارى لە کۆى راپرتەکان و بەرنامەى سیاسى و دەستوریش هەیە، بەوەى رایەک هەیە گۆڕانکارییەک لە هەیکەلیەتى سەرکردایەتى بکرێت بە دروستکردنى دەستەیەک یان ئەنجومەنێک، ئەوە ماوەتە بۆ گفتوگۆکان و پەیوەست بە بەڵاوکردنەوە هەندێک بابەت لە هەندێک میدیادا، ستەم کامیل وتى: بەشێک لە میدیاکان هەواڵى ناڕاست بڵاو دەکەنەوە، چونکە لەناو کۆنفرانس سەرکردایەتى هەڵنابژێرین، تکام وایە هەرگیز بنەما پیشەییەکان ژێرپێ مەخەن و بابەتى بن لە روماڵکردنتان.


هەواڵی زیاتر