ناوەڕۆکى کۆبونەوەى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان

28/04/2019

جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان لە کۆبونەوەى ئەمڕۆیدا دوابڕیارى دا لەبارەى پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەتى هەرێم و شێوازى دیاریکردنى کاندیدەکانى گۆڕان بۆ ئەو پۆستانەى بەرکەوتەى بزوتنەوەکەن لە ئەگەرى بەشداریکردنى لە کابینەى نۆ-دا.

د. شۆڕش حاجى، ئەندامى خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان، لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکى کۆبونەوەى ئەمڕۆى جڤاتى نیشتیمانى ئاشکرا کرد و رایگەیاند؛ دوابڕیارى بزوتنەوەى گۆڕان- درا سەبارەت بە پێکهێنانى حکومەتى ئایندەى هەرێمى کوردستان و وەڵامى بزوتنەوەکە درایە شاندنى دانوستانکار و دوا بڕیاریش درا لەبارەى دیاریکردنى بەربژێرەکانى گۆڕان بۆ ئەو پۆستانەى بەرکەوتەى بزوتنەوەى گۆڕانن لە ئەگەرى بەشداریکردنى لە کابینەى نوێى حکومەتى هەرێم.

دەقى کۆنگرەى رۆژنامەوانى د. شۆڕش حاجى:
کۆبونەوەى ئەمڕۆى جڤاتى نیشتیمانى کۆبونەوەیەکى ئاسایى بو دواى ئەوەى دوێنێ کۆبونەوەى جڤاتى گشتى کرا و راسپاردەکانى ئاڕاستەى جڤاتى نیشتیمانى کرا.

لە کۆبونەوەى ئەمڕۆدا باسى بارودۆخى ئەمڕۆى هەرێمى کوردستان و عێراق و ناوچەکە و پرۆسەى سیاسى و پێکهێنانى حکومەت تاوتوێکرا.
دو تەوەرى گرنگى کۆبونەوەکە پەیوەست بون بە وەڵام و دوابڕیارى بزوتنەوەى گۆڕان سەبارەت بە پێکهێنانى حکومەتى ئایندەى هەرێمى کوردستان، ئەوەى دیکەشیان دیاریکردنى بەربژێرەکانى بزوتنەوەى گۆڕانە بۆ ئەو پۆستانەى بەرکەوتەى بزوتنەوەى گۆڕانن لە ئەگەرى بەشداریکردنى بزوتنەوەى گۆڕان لە کابینەى نۆ.

سەبارەت بە خاڵى یەکەم، لەژێر رۆشنایى ئەو گفتوگۆیانەى هەفتەى رابردو شاندى دانوستانکارى بزوتنەوەى گۆڕان لەگەڵ پارتى دیموکراتى کوردستان دانیشتن،  بزوتنەوەى گۆڕان ئەمڕۆ لە جڤاتى نیشتیمانى بەرپرسیارانە تاوتوێى هەمو ئەگەرەکانى بەردەم پرۆسەى پێکهێنانى کابینەى ئایندەى هەرێمى کوردستانى کرد و بڕیارى جڤاتى نیشتیمانى و وەڵامى بزوتنەوەى گۆڕان درا بە شاندى گۆڕان بۆئەوەى لە ئەگەرى دانیشتن لەگەڵ شاندى پارتى دیموکراتى کوردستان دوا بڕیارى جڤاتى گشتییان لەلایە.

تەوەرى دوەمیش؛ بزوتنەوەى گۆڕان وەک چۆن لە رۆژى یەکەمى راگەیاندنیەوە شێوازێکى نوێى خەباتى مەدەنى و پەرلەمانى داهێنا و وەک چۆن پەیکەرێکى رێکخراوەیى نوێمان لە کارى حیزبایەتى بەرجەستە کرد و زۆر داهێنانى دیکەمان کرد. لە ئەگەرى بەشداریکردنى بزوتنەوەى گۆڕان بۆ کابینەى ئایندەى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ دیاریکردنى بەربژێرەکان تاوێى میکانیزمەکانمان کرد و ئەو هەنگاوانەمان بڕیار لێدا و نەخشەمان دانا بۆ دیاریرکردنى باشترین بەربژێر بۆ ئەو پۆستانەى بەرکەوتەى گۆڕانن لە ئەگەرى بەشدارى لە کابینەى نوێ بەشێوازێک کە ئەو بەربژێرانە پابەندى بڕیارى بزوتنەوەى گۆڕان بن و راستگۆبن لەگەڵ بەڵێنەکانى بزوتنەوەى گۆڕان و کاندیدانمان لە کەمپەینى هەڵبژاردن داویانە بە خەڵکى کوردستان. بۆئەوەش دوا خاڵمان لەسەر پیتەکان دانا بۆ شێوازى دیاریکردنى بەربژێرەکان و بڕیاردان لەسەر دیاریکردنى کۆتاییان.

سلێمانى/ بڕیار نامیق


هەواڵی زیاتر