نوێنەری گۆڕان لە سویسرا داوای بەدەنگەوەهاتنی بەپەلەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی لە ڕۆژئاوای کوردستان
10/01/2026
لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیاندنی
دەنگی مەدەنییانی ڕۆژئاوای کوردستان، لە شارۆچکەی ڤیندش لە کانتۆنی ئارگاو، کۆبوونەوەیەکی
باڵا لە نێوان نوێنەرانی کورد و سەرکردایەتی پارتی سۆسیال دیموکراتی سویسرا (SP) بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا کە بە ئامادەبوونی سێدریک ڤێرمووت
(Cédric Wermuth)، هاوسەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات و ژمارەیەک لە ئەندامانی فراکسیۆن
و ئەنجومەنی پارتەکە بەڕێوەچوو، ڕەوشی نالەباری شاری حەلەب و ئەو مەترسییە گەورانەی
ڕووبەڕووی گەلی کورد دەبنەوە تاوتوێ کران.
ڕەفیق عەبدوڵا، ئەندامی پارتی سۆسیال دیموکرات
و بەرپرسی ئەنجومەنی سویسرای بزووتنەوەی گۆڕان، وەک بەشداربوویەکی سەرەکی کۆبوونەوەکە،
بە وردی باسی لەو جینۆساید و پێشێلکارییە مرۆییانە کرد کە لەلایەن میلیشیاکانی سووریاوە
بەرامبەر بە ژن و منداڵ و هاووڵاتیانی مەدەنی ئەنجام دەدرێن.
بەڵێنی پشتیوانی و هەڵوێستی فەرمی
لای خۆیەوە، سێدریک ڤێرمووت، هاوسەرۆکی SP، نیگەرانی قووڵی خۆی بەرامبەر بە ڕەوشی مرۆیی لە حەلەب دەربڕی و بەڵێنیدا
کە ئەم پرسە وەک بابەتێکی گرنگ لە ڕێگەی نوێنەرانیان لە حکومەت و پەرلەمانی سویسرا
بخەنە ڕوو. ناوبراو جەختی کردەوە کە پارتەکەیان هەڵوێستی ڕوونی دەبێت بەرامبەر بەو
پێشێلکاریانەی بەرامبەر گەلی کورد دەکرێن.
کەسایەتییە بەشداربووەکان:
جگە لە هاوسەرۆکی پارتەکە، ژمارەیەک کەسایەتی
دیار لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بوون، لەوانە:
• گابریێلا سۆتەر (Gabriela Suter): نوێنەری کانتۆنی ئارگاو لە ئەنجومەنی نوێنەران.
• سیمۆنا بێزیرک (Simona Brizzi): سەرۆکی فراکسیۆنی پارتەکە.
• بەرپرسانی سێ شارەوانی جیاواز لە کانتۆنی
ئارگاو.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، نامەیەکی فەرمی لەلایەن
نوێنەری بزووتنەوەی گۆڕانەوە پێشکەش بە پارتی سۆسیال دیموکرات کرا، کە تێیدا داوای
بەدەنگەوەهاتنی بەپەلەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتی سویسرا کرابوو بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی
مەدەنی لە ڕۆژئاوای کوردستان.
پارتی سۆسیال دیموکرات (SP) دووەم گەورەترین هێزی سیاسی سویسرایە و خاوەنی ٤٢ کورسی پەرلەمان
و ٢ وەزارەتە لە کابینەی حەوت وەزارەتییەکەی حکومەتی فیدراڵی سویسرا، ئەمەش گرنگییەکی
سیاسی گەورە بەم جۆرە دیدارانە دەبەخشێت.