نوێنەری بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ باڵوێزی عێراق لە سوید كۆدەبێتەوە
31/03/2026
نوێنەری
بزوتنەوەی گۆڕان گرفت و ئاستەنگ و پێداویستی و داواكارییەكانی رەوەندی كوردی
دەگەیەنێتە باڵوێزی عێراق لە سوید و ئامادەیی گۆڕان دەردەبڕێت بۆ رۆڵبینین بە
ئامانجی چارەسەر، لە بەرامبەردا باڵیۆزی عێراق ستایشی دەستپێشخەریەكە و رۆڵ و
چالاكیەكانی گۆڕان دەكات و داوا دەكات بەشداری چالاكیەكان بكەن بۆ هەماهەنگی و
كاری پێكەوەیی.
لە
چوارچێوەی چالاکییە دیپلۆماسییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لە دەرەوەی وڵات، کۆراز بابان،
بە نوێنەرایەتی بزوتنەوەی گۆڕان لە وڵاتی سوید، سەردانی باڵوێزخانەی کۆماری عێراقی
کرد لە شاری ستۆکهۆڵم و لەلایەن د. محەمەد عەدنان مەحمود، باڵوێزی عێراقەوە پێشوازی
لێکرا.
لە دیدارەکەدا بارودۆخی ڕەوەندی کوردی لە
وڵاتی سوید و ئەو ئاستەنگە یاسایی و کارگێڕییانەی ڕوبەڕویان دەبێتەوە گفتوگۆكرا،
تێیدا نوێنەری بزوتنەوەی گۆڕان ئامادەیی تەواوی بزوتنەوەکەی دەربڕی بۆ کارکردن وەک
پردێکی پەیوەندی لە نێوان هاووڵاتیان و کونسوڵخانەی عێراق، بە مەبەستی خێراکردنی ڕێکارەکان
و گەیاندنی کێشەکانیان بە لایەنی پەیوەندیدار.
لای
خۆیەوە، باڵوێزی عێراق دەستخۆشی لە دەسپێشخەرییەکەی گۆڕانی کرد و جەختی لە گرنگی بەشداریی
کارای بزوتنەوەی گۆڕان کردەوە و داوای کرد لە کۆبوونەوە خولی و دەورییەکانی لایەنە
سیاسییە عێراقییەکان لە سوید، بە ئامانجی یەکخستنی هەڵوێستەکان و خزمەتکردنی زیاتری
پەنابەران و نیشتەجێبووان بەشداریبکەین.
ئەم
دیدارە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دێت بۆ چالاککردنی ڕۆڵی نوێنەرایەتییەکانی
لە دەرەوە و دروستکردنی پەیوەندییەکی دروست لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکان، بۆ دابینکردنی
ژیانێکی شایستەتر بۆ ڕەوەندی کوردی لە تاراوگە.