دلێر عەبدولخالق: فەزای دیجیتاڵی بوەتە ئامرازێکی کارا بۆ سڕینەوەی ئەو سنوورە دەستکردە جوگرافیانەی کە نەتەوەی کوردیان دابەش کردوە
11/07/2026
دلێر عەبدولخالق، ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان، لەناو پەرلەمانی بەریتانیا، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ڕەوەندی کوردی، پەرلەمانتاران و کەسایەتییە دیارەکان، لە بارەی پەیوەندی نێوان حوکمڕانی و ئامرازەکانی میدیایی نوێ هەڵوەستەی کرد و ڕایگەیاند: پێویستە بۆ کورد سۆشیالمیدیا لە سەکۆیەکی دەربڕینی کاتی و سۆزدارییەوە بگۆڕدرێت بۆ «چەکێکی سەردەمیانەی خەباتی مەدەنی و سیاسی»، بەشێوەیەک لەناوخۆدا وەک ئامرازێکی کارا بۆ چاودێریکردنی دامەزراوەکان، ڕوونیی لە بڕیاری سیاسیی و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی ڕۆڵ بگێڕن، لەسەر ئاستی دەرەوەش وەک «باڵوێزخانەیەکی نەتەوەیی» لە دنیای گریمانیەدا دەنگی کورد بە ناوەندە جیهانی و نێودەوڵەتییەکان بگەیەنن.
دلێر عەبدولخالق، توێژەر و مامۆستای زانکۆ لەناوەڕۆکی ئەو دیدارەدا لەژێر ڕۆشنایی ناساندنی کتێبە نوێیەکەی بەناونیشانی "کاریگەری سۆشیال میدیا لەسەر حوکمڕانی دروست" تیشکی خستە سەر ستراتیژیەتی بەکارهێنانی سۆشیال میدیا و ڕوونیکردەوە کە چۆن تاک و کۆمەڵگە دەتوانن لەبری بەکارهێنانی سادە و کاتی، پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان بکەنە مینبەرێک بۆ داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکان و دروستکردنی لۆبییەکی بەهێز لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا.
ئەندامەکەی ئەنجومەنی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان، لە کۆڕەکەدا جەختی لەوە کردەوە کە خەباتی مەدەنی لە سەردەمی ئەمڕۆدا پێویستی بە هۆشیارییەکی دیجیتاڵی هەیە؛ تاوەکو نەتەوەی کورد بتوانێت گوتاری خۆی یەکبخات، ڕووبەڕووی چەواشەکارییەکان ببێتەوە، و دەنگی خۆی بە زمانێکی سەردەمیانە، ئاشتییانە و کاریگەر بە جیهان بگەیەنێت، جگە لەوەی کە دەکرێت سەکۆ دیجیتاڵییەکان بەکاربهێنرێن لە دروستکردنی شەفافیەت و فشاری جەماوەری لەگەڵ کاریگەرییەکانی میدیای نوێ لەسەر بەهێزکردنی ڕایەڵە نیشتمانی و نەتەوەییەکان.
هەروەک ئاماژەی بە ڕەهەندە ئەرێنییەکانی پلاتفۆرمە کۆمەڵایەتییەکان کرد بۆ بەکارهێنەری کورد، بەتایبەتی بۆ ڕەوەندی کوردی لە دەرەوەی وڵات و رونیکردەوە کە فەزای دیجیتاڵی خزمەتێکی گەورەی بە بەهێزکردنی ناسنامەی نیشتمانی کردووە و بووەتە ئامرازێکی کارا بۆ سڕینەوەی ئەو سنوورە دەستکردە جوگرافیانەی کە نەتەوەی کوردیان دابەش کردووە.
لە دیدارەکەدا، کە لە یەکێک لە دێرینترین دامەزراوەکانی یاسادانانی جیهاندا بەڕێوەچوو، جگە لە گفتوگۆیەکی بابەتی، جەختکرایەوەلەوەی، ئەگەر بە ستراتیژێکی نیشتمانی و هۆشیارییەکی مەدەنییانەوە مامەڵە لەگەڵ تەکنەلۆژیا و سۆشیال میدیا بکەین، دەبێتە کەناڵێکی دادکۆکیکار بۆ پاراستنی ماف و دەنگی کورد لە ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
لە کۆتایی دیدارەکەشدا ئامادەبووان لەرێگەی پرسیار و سەرنجەکانیانەوە کارلێکی ئەرێنییان لەگەڵ بابەتەکەدا کرد و دیدگای زانستیی کتێبەکەیان بەرز نرخاند.