دانا عەبدولكەریم: هەوڵدەدەین سود لە بانكی نێودەوڵەتی و وەبەرهێنانی بیانی وەربگرین

28/07/2019

وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن رایدەگەیەنێت، ئەو پلانانەی بۆ چوار  ساڵی داهاتو دامانڕشتون، دەخرێنە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران و بودجەیان بۆ  تەرخان دەكرێت، بەڵام مەرج نیە ئەو پڕۆژانەی زۆر گرنگن، لەسەر بودجەی هەرێم بنیات بنرێن، بۆیە هەوڵدەدەین سود لە وەبەرهێنانی بیانی و بانكی  نێودەوڵەتی وەربگرین.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا کە لە شاری هەولێر بەڕێوەچو، دانا  عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێم  رایگەیاند؛ هیوادارین هاوسەنگییەكی ئیداری لە هەرێمی كوردستاندا دروست ببێت كە بتوانین لە سەرجەم شارو شارۆچكەكاندا پڕۆژەی نوێ لە بواری  ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن بنیات بنێین.

وتیشی: هەندێك لە پڕۆژە كۆنەكان گەشتونەتە قۆناغێك كە رەنگە چاككردنەوەیان  زەحمەت بێت، هەوڵدەدەین لە کاتێکی زوتردا چاککردنەوەیان بۆ ئـەنجام بدەین  كە ئەوەش بە دڵنیاییەوە پێویستی بە تێچون و دابینکردنی بودجە هەیە.

ئاماژەی بەوەشكرد كە ئێستا هەماهەنگییەکی باش لەنێوان حکومەتی هەرێم و  حکومەتی عێراق دروست بوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دەرەنجامێكی باشی  لێکەوتوەتەوە، تائێستا لێکتێگەیشتنی باش هەیە و چەندین لیژنەی هاوبەش دروست کراون بۆ ئەوەی ئەو کێشە داراییانەی لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی  ناوەند هەن چارەسەر بکرێن، بە چارەسەرکردنی ئەم گیرو گرفتانە و باشترکردنی  کارەکانمان، دەتوانین هاوسەنگییەکی ئیداری لە هەرێمی کوردستان دروست بکەین  بۆ ئەوەی بتوانین بەشێکی زۆری ئەو پلانانەی لە ماوەی چوار ساڵی داهاتو  دامانناوە بیانخەینە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە وەڵامی پرسیارێکیدا سەبارەت بە کرێنشینان و باشکردنی رێگا دوسایدەکان،  وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن وتی: ئەمانە لە گرنگترین ئەو  بابەتانەن کە ئەمڕۆ لە کۆبونەوەکاندا باس دەکرێن و دەخرێنەوە چوارچێوەی  پلان و بەرنامەی چوار ساڵی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن.

لەبارەی کاتی تەواوکردنی پڕۆژەکان و دابینکردنی بودجە بۆیان و هەروەها  چاكکردنەوەی رێگاکان لەنێویاندا رێگای کۆیە و هەولێر، دانا عەبدولكەریم  وتی: بەپێی ئەو پلانانەی دامانڕشتون، دەبێت لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا هەمو  ئەو رێگایانە تەواو ببن، هەروەها دابینکردنی بودجە بۆیان پەیوەستە بە  باشتربونی ئاستی دارایی هەرێمی کوردستان، بە دڵنیاییەوە بەپێی ئەو پلانانەی وەزارەتەکە پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیرانی دەکات، بودجەیان بۆ تەرخان دەکرێت، بەڵام مەرج نییە هەموی لەسەر بودجەی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت، بەڵكو  دەکرێت بەشێک لەو پڕۆژانەی زۆر گرنگن، بواری وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی  تێبکەین و بتوانین سود لە بانکی نێودەوڵەتی و وەبەرهێنانی بیانی وەربگرین.


هەواڵی زیاتر