مستەفا سەید قادر کاندیدى گۆڕانە بۆ جێگرى سەرۆکى هەرێم

21/08/2019

بزوتنەوەى گۆڕان ناوى مستەفا سەید قادر وەک کاندیدى بزوتنەوەکە بۆ پۆستى جێگرى سەرۆکى هەرێم، ئاڕاستەى سەرۆکایەتى هەرێم دەکات.

لە چوارچێوەى پرۆسەى پێکهێنانى کابینەى نوێی حکومەت بەپێی رێککەوتنى سیاسی نێوان بزوتنەوەى گۆڕان و پارتى دیموکراتى کوردستان ئەو پۆستانەى کە ماون وەک بەرکەوتەى بزوتنەوەى گۆڕان، ناوى کاندیدەکانى ئاڕاستەى سەرۆکایەتیەکان دەکات بۆ دانان و دەستبەکاربونیان.

بەپێی زانیارییەکان؛ رۆژى یەکشەمە بزوتنەوەى گۆڕان بە نوسراوێک کە ئیمزاى عومەر سەید عەلى رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕانى لەسەربوە، ناوى مستەفا سەید قادر وەک جێگرى سەرۆکى هەرێم ئاڕاستەى سەرۆکایەتى هەرێم کراوە .

زانیاریەکان ئاماژە بەوە دەکەن لە هەفتەى داهاتودا مەرسومى سەرۆکایەتى بۆ هەردو جێگرانى سەرۆکى هەرێم دەربکرێن و تا کۆتای ئەم مانگە دەستبەکاربن .
پوختەیەک لە پرۆفایلى مستەفا سەید قادر
 - ساڵی (1958) لە قەڵادزێ‌ لەدایك بوە

- ساڵی (1979) پەیمانگای كشتوكاڵی لە ئەبوغرێب تەواو كردوە

- ساڵی (1986) هاوسەرگیریی كردوە، خێزاندارە و خاوەنی سێ‌ كوڕ و دو كچە

- ساڵی (1978) پەیوەندیی بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە كردوە

- ساڵی (1980) لەسەر بڕیاری ناوەندی كۆمەڵەی رەنجدەران، بۆ پێشمەرگایەتی چوەتە دەرەوە

- لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا دو جار بریندار بوە كە جارێكیان بە كیمیایی بوە

- ئەندامی كەرتی رێكخستنی قەڵادزێی كۆمەڵەی رەنجدەران بوە

- بەرپرسی رێكخستنی تیپی (63)ی جوتیاران بوە

- دوای شاڵاوەكانی ئەنفال لە مانگی (12) ساڵی (1988)دا لەسەر بڕیاری كاك نەوشیروان و كۆمەڵەی رەنجدەران، بەنهێنی گەڕاوەتەوە بۆ سەرپەرشتیی رێكخستنەكانی ناوەوەی كۆمەڵەی رەنجدەران. 

- بەشدار بوە لە پێكهێنانی شانە چەكدارە نهێنییەكانی یەكێتی كە دواتر بو بە سوپای رزگاریی كوردستان (سرك)، هەر خۆشی راستەوخۆ سەرپەرشتیی سركی كردوە.
- رۆژی (29/9/1990) لەهەولێر لەلایەن دەزگا داپڵۆسێنەرەكانی بەعسەوە دەستگیركرا

- كاتێك دەستگیركرا برایەكی تری لە زیندان بوە

- تاوەكو رۆژی (22/12/1991) لە زیندانی ئەبوغرێب مایەوە و دواتر ئازادكرا

- لەماوەی زیندانیكردنیدا دەزگا ئەمنییەكانی بەعس نەك نەیانتوانی هیچ زانیارییەكی لێ‌ وەربگرن، تەنانەت ناوی خۆشی ئاشكرا نەكرد.

- هەر لە زیندانی ئەبوغرێب لەگەڵ هاوڕێكانی لە كۆمەڵەی رەنجدەران، كۆمیتەی رێكخستنی باوەڕ دروست دەكەن

- دوای ئازادكردنی، دەبێتە ئەندامی مەكتەبی رێكخستنی یەكێتی و لەساڵی (1995)دا دەبێتە ئەندامی سەركردایەتیی ئەو حیزبە

- لە هەڵبژاردنی خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستاندا دەبێتە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان

- بەڕێوەبەری پەیمانگای كادرانی یەكێتی بوە لە هەولێر

- لە ساڵی (1994 - 1998) لێپرسراوی مەڵبەندی هەشتی راپەڕین بوە

- ساڵی (1998) دەبێتە وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم (ئیدارەی سلێمانی)

- لە كۆنگرەی دوەمی یەكێتیدا ساڵی (2000)، دەنگی یەكەمی كۆنگرە بەدەستدەهێنێت و دەبێتە ئەندامی سەركردایەتی و دواتر ئەندامی مەكتەبی سیاسی
- لە ساڵی (2000- 2009) جێگری فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی یەكێتی بوە

- ساڵی (2009) لەگەڵ ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی واز لە یەكێتی دەهێنن و هاوشانی نەوشیروان مستەفا و هاوڕێكانی، بزوتنەوەی گۆڕان دادەمەزرێنن

- لەبزوتنەوەی گۆڕاندا رێكخەری ژوری دارایی و كارگێڕی و ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەكە بوە

- لە دە ساڵی رابردودا بەشداری و ئامادەیی تەواوی هەبوە لەسەرجەم وێستگە سیاسیەكانی بزوتنەوەی گۆڕاندا

- لەكابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمدا لەگەرمەی شەڕی داعشدا، بوەتە وەزیری پێشمەرگە و ماوەی ساڵێك و سێ‌ مانگ لەو پۆستەدا بوە

- كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕانە بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان.

سلێمانى/ بڕیار نامیق


هەواڵی زیاتر