بزوتنەوەی گۆڕان رێكخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن هەڵدەبژێرێت

01/09/2019

بڕیارە ناوەڕاستی مانگی داهاتو، بزوتنەوەی گۆڕان رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن هەڵبژێرێت.

لە دوا کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانیدا کە لە (24)ی تەمموز بەڕێوەچو، بڕیاردرا رۆژی  (14)ی ئەیلول هەڵبژاردن بۆ رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەكە بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەکارییەکان تەواوکراون و لە چەند رۆژی داهاتودا دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ كاندیدانی رێکخەری گشتی و ئەندامێتی خانەی راپەڕاندن دەکرێتەوە.

بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، ماوەی خولی خانەی راپەڕاندن بۆ دو ساڵ دەبێت  و ئەندامانی خانە، سێ خولی هەڵبژاردن بۆیان هەیە بۆ هەمان پۆست خۆیان كاندید بكەنەوە، كە جگە لە رێكخەری گشتی شەش كەس وەك ئەندامی خانەی راپەڕاندن لەلایەن جڤاتی نیشتمانییەوە دەنگیان پێدەدرێت.

بەپێی زانیارییەکانی (سبەی) ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان ئامادەكارییەكانی گەیاندوەتە قۆناغی كۆتایی و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتودا دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ كاندیدانی ئەو پۆستانە بكاتەوە.

ئەندامانی خانەی راپەڕاندن پێکدێن لە (رێکخەری گشتی، سكرتێری جڤاتی نیشتمانی، سکرتێری فراكسیۆنەكان، سكرتێری ژورەكان، سكرتێری باژێڕوانەكان و سكرتێری كاروباری خەڵك) لەناو ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی هەڵدەبژێردرێن و سکرتێری جڤاتی گشتییش لەلایەن ئەندامانی جڤاتی گشتییەوە هەڵدەبژێردرێت و راستەوخۆ دەبێتە ئەندامی خانەی راپەڕاندن.
بەپێی دەستوری ناوخۆیی، ئەندامانی هەردو جڤاتی گشتی و نیشتیمانی و  کەسایەتییە ناسراوەکانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان مافی ئەوەیان هەیە خۆیان بۆ پۆستی رێکخەری گشتی و ئەندامێتی خانەی راپەڕاندن کاندید بکەن.

سلێمانی/ بڕیار نامیق


هەواڵی زیاتر