خانەی راپەڕاندن کۆبونەوەیەکی بەرفراوان لەگەڵ هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازانی هەولێر ئەنجام دەدات

28/09/2019

بە مەبەستی گەیاندنی پەیامی نوێی بزوتنەوەی گۆڕان، خانەی راپەڕاندن لەگەڵ هەڵسوڕاوانی سنوری پارێزگای هەولێر کۆدەبێتەوە.

عەدنان عوسمان، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێکدا بە (سبەی) راگەیاند؛ کۆبونەوەکەی رۆژی شەممەی خانەی راپەڕاندن لەگەڵ هەڵسوڕاوان و لایەنگرانی بزوتنەوەکە لە شاری هەولێر بە مەبەستی گفوتگۆکردنە لەسەر ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە خانەی راپەڕاندن رویداوە و هەروەها قسەکردن لەسەر کۆی ئەو پرسانەی کە بزوتنەوەی گۆڕان سەرقاڵییەتی و خۆی بۆ ئامادە دەکات.

وتیشی: تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە گفتوگۆکردنە لەسەر کارنامە و پلانی داهاتوی بزوتنەوەکە و خانەی راپەڕاندن و هەروەها ناساندنی ئەرک و کارەکانی خانەی راپەڕاندن بە هەڵسوڕاوانی گۆڕان.

 

.

ئەو ئەندامەی خانەی راپەڕاندن باسی لەوەکرد، بەپێی ئەو پلانەی دایانڕشتوە، سەردانی سەرجەم ناوچەکانی کوردستان دەکەن بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەکە و دواتریش کۆبونەوەی دیکە لەگەڵ مەکۆ و رایەڵەکان و ئەو هەڵسوڕاوانە دەکەن کە سەرنج و رەخنە و تێبینییان هەیە لەسەر ئەو پرسانەی پەیوەستن بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە.

لەماوەی رابردوشدا رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن لەگەڵ هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەکە لە سلێمانی و دهۆک کۆبونەوە.

 


هەواڵی زیاتر