رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن: سورین لەسەر ئەنجامدانی چاکسازیی و رێکخستنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان

12/10/2019

رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان جەختیان لەسەر پرەنسیپە نەگۆڕەکانی بزوتنەوەکە کردەوە لە بواری چاکسازی و روبەڕوبونەوەی گەندەڵی و ئاماژەیان بە هەنگاوەکان کرد بۆ خۆڕێکخستنەوەی بزوتنەوەکە.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ هەڵسوڕاوان و پشتیوانانی بزوتنەوەکە لە سنوری قەزای چەمچەماڵ کۆبونەوە، بۆ رونکردنەوەی قۆناغی داهاتوی کارکردنی بزوتنەوەی گۆڕان و هەنگاوەکانی خۆ رێکخستنەوە و ئامادەکارییەکان بۆ کۆنفرانسی نیشتیمانی و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان.

لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا، عومەر سەید عەلی رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان سوپاسی سەرجەم ئۆرگانەكانی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد کە لە ماوەی چەند ساڵی رابردودا لە هێزی پشتیوان و رایەڵە و بازنە و مەكۆ و جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتیمانی و خانەی راپەڕاندنی رابردو و هەروەها ژورەكان و فراكسیۆنەكان سور بون لەسەر خەبات و تێكۆشان، بەتایبەتی دوای كۆچی دوایی كاك نەوشیروان و دوای هەڵبژاردنەكان.

وتیشی :"هەمو ناحەز و نەیارەكانمان رویان لەوە بو كە ئەم بزوتنەوەیە دوای كۆچی دوایی كاك نەوشیروان تەواو دەبێت و پارچە پارچە و دابەش دەبێت، بەڵام بە سوربون لەسەر پرەنسیپەکان توانیمان بەرامبەر هەمو ئەو شاڵاوانە بوەستین و خۆمان بگرین و بە رێكوپێكی ئەو ئەمانەتەی كاك نەوشیروان كە بزوتنەوەی گۆڕانە بیپارێزین، ئەوە سەروەرییەكی گەورەیە بۆ هەمو ئۆرگانەكانمان".

لەبارەی پڕۆژەکانی چاکسازیی و بەشداریی گۆڕان لە کابینەی نوێی حکومەت، رێکخەری گشتی رایگەیاند: سەرجەم ئەو بەرنامانەی ئێمە داوامان كردوە لە بەرنامەی نوێی حكومەتدا بونی هەیە و هیوادارین هەمو وەزیرەكانمان لە ئاستی ئەو بەرپرسیارێتییەدا بن و ئەو بەرنامەیە جێبەجێ بكەن كە لەسەری رێككەوتوین بۆ بەگژداچونەوەی گەندەڵی و چاكسازی و خۆشگوزەرانی و دانەوەی قەرزەكانی خەڵك.

عومەر سەید عەلی جەختی کردەوە کە؛ لە سەرەتاوە رامانگەیاندوە شەریكی راستەقینە دەبین بۆ خزمەتكردنی خەڵك، بۆ ئەو مەبەستەش بەشداریی حکومەتمان کرد، ئومێدمان وایە ئەو بارودۆخە بە قازانجی خەڵك بێت و ئەم كابینەیە بتوانێ خزمەتی خەڵك بكات.

سەبارەت بە پرسی رێکخستنەوەی بزوتنەوەی گۆڕانیش رایگەیاند: ئێمە خۆمان بۆ كۆنفرانسی نیشتیمانی ئامادە دەكەین بە ئومێدی ئەوەی لە ئەمساڵدا كۆنفرانسەكە بگرین و گۆڕانكاریی بكەین.

لە کۆبونەوەکەدا، جەلال جەوهەر ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: ئەوەی كە زۆر مەبەستمانە جەختی لێ بكەینەوە پرسی چاكسازییە، هەر لە سەرەتاوە پێمان وابوە كە دەچینە ناو حكومەتەوە بەمەبەستی چاكسازیی دەچین، تەنانەت لە رێككەوتنیشتماندا لەگەڵ پارتی، لە دو خاڵی گرنگدا جەختمان لەوە كردوەتەوە كە چاكسازییەكی گشتگیرمان دەوێ نەك چاكسازییەك لە جومگەیەكی دیاریكراودا، بێگومان بزوتنەوەی گۆڕان پشتیوانی لە پڕۆژەیاسای چاكسازی دەكات و بەبەرنامەی خۆمانی دەزانین، ناشمانەوێت لە هەوڵ و دڵسۆزیی لایەنی تریش كەمكەینەوە كە بۆ چاكسازی هەیانبێت.

وتیشی:"دو خاڵ لای ئێمە زۆر گرنگە كە پێویستە بەجددی كاری لەسەر بكەین ئەویش رۆشنبیریی چاکسازی و رۆشنبیریی خەباتی مەدەنیە، چونكە لەماوەی رابردودا نەمانتوانیوە ئەو چەمکە بکەین بە كلتور و رۆشنبیریی گۆڕانخوازان، خاڵی یەكەم ئەوەیە كە وەكو پێویست نەمانتوانیوە پرسی چاكسازیی بكەینە رۆشنبیرییەكی گشتی هەم بۆ سەرجەم هەڵسوڕاوان و كادرانی گۆڕان، هەم بۆ میللەتەكەمان، پێویستە كلتوری چاكسازی بكەین بە جۆرێك لە رۆشنبیری بۆ ئەوەی لانی كەم جیاوازی دەربكەوێت لەنێوان ئێمە وەك هێزێكی چاكسازیخواز لەگەڵ هێزەكانی تر".

ئاماژەی بەوەکرد؛ خاڵێكی تر كە نەمانتوانیوە بیكەیەنە كلتور و رۆشنبیری ھەڵسوڕاوان و میللەتەکەمان بریتییە لە خەباتی مەدەنی وناساندنی شێوازەکانی خەباتی مەدەنی وەک خەباتی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان.

سەبارەت بە پرسی رۆژئاوا جەلال جەوهە وتی: بزوتنەوەی گۆڕان پرسی رۆژئاوا بە پرسێكی نیشتمانی و نەتەوەیی و مرۆیی دەزانێت، ئەزمونی رۆژئاوا پیلانی زۆری لەسەر بو سەرەڕای ئەو هەمو هێرش و پەلامارانەی روبەڕوی ئەو ئەزمونە بوەوە، بەڵام توانییان بەردەوام و خۆڕاگر بون، ئەوەی جێگەی داخە هەڕەشەكانی سەر ئەو ئەزمونە كۆتاییان نەهاتوە، لەئێستادا بەهۆی بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا، رێگە خۆش بوە بۆ توركیا كە پەلاماری ناوچەكانی رۆژئاوا بدات و كار بكەن بۆ ئەوەی دیمۆگرافیای ناوچەكە بگۆڕن، ئەبێ پەندێك لەمە وەربگرین ئەویش ئەوەیە كە پێویستە پشتبەستنی سەرەكیمان بەخۆمان و میللەتەكەمان بێت نەك بە هێز و لایەنی دیكە، پێویستە چارەنوسمان تەسلیمی هێز و لایەنی تر نەكەین".

هاوکات شەماڵ عەبدولوەفا، سکرتێری کاروباری باژێڕەکان لە کۆبونەوەکەدا ئاماژەی بەوەکرد، لەدوای دەستبەکاربونیان کاردەکەن بە ئاڕاستەی رێکخستنەوەی دامەزراوەکانی ناوخۆی گۆڕان، کە دو بەش لە خۆ دەگرێت، یەکەم ژورەکان و دوەمیش باژێڕەکان.

وتیشی :"بەپێی ئەو بەرنامە و پلانەی ئامادەمان کردوە، دەمانەوێت ئەو ژورانەی گۆڕان کە رێکخەر و بەرپرسیان نییە، بۆیان دیاری بکرێت، هەروەها هەمو دامەزراوەکان ببن بە خاوەنی پەیڕەوی ناوخۆیی خۆیان و پلانی دو ساڵەی دامەزراوەکەیان دابنێنن، هەروەها هەوڵەکانمان چڕ دەکەینەوە بە مەبەستی ئەوەی چۆن کاری رێکخستنی بزوتنەوەکە رێکبخەینەوە".

لە کۆبونەوەکەدا، عەدنان عوسمان سکرتێری جڤاتی نیشتیمانیی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: لە سەرەتای دروستبونی لیستی گۆڕانەوە بە هیواو و خەونێكی گەورەی عەدالەت و چاكسازیی و بەگژداچونەوەی گەندەڵییەوە دەستمان پێكرد و زۆرینەی هاوڕێیان هاتنە پەنای خەونێكی گەورە و خەباتێكی مەزن كە ئەو خەباتە نەك تەنها توانی كلتوری گۆڕان و گۆڕانخوازی بچەسپێنێت بەڵكو توانی نەوەیەك پەروەردە بكات كە بەردەوام لە خەونی گۆڕانكاریدا بێت و رەخنە لەو لایەنانەش بگرێت كە لە كاردا كز و لاواز بێت كە ئەمە شانازییەكی گەورەیە.

وتیشی:"لە لای ئێمە و هەمو خەڵك دیارە كە كاتێك بزوتنەوەی گۆڕان توشی كێشەیەك ببێت یان پاشەكشێ و رەفتارێكی نادیموكراسیانە ببێت پرسی چاكسازییش توشی كێشە دەبێت و گۆڕانکارییش لە كوردستاندا توشی كێشە دەبێت ئەمە پەیامێكی زۆر گرنگ بو بۆ ئێمە".

عەدنان عوسمان رایگەیاند: ئێمە دو هەنگاوی گرنگمان ماوە بینێین لە ماوەیەكی دیاریكراودا ئەویش گوێگرتنە لەو کەسانەی كە پێشنیاز و رەخنە و قسەیان هەیە و لە خەمی بزوتنەوەكەدان و هەنگاوێكی دیكەش بەهێزكردنەوە و زیادكردنی دەنگەكانمانە لە كوردستاندا.

سکرتێری جڤاتی نیشتیمانی جەختی کردەوە کە؛ قەبارەی گۆڕان زۆر گەورەیە و لەوە گەورەتر و گرنگترە كە لە چوارچێوەی كورسییەكاندا تەماشای بكریت، ئەمەش دەرفەتێكی گەورە بەئێمە دەدات كە بتوانین لەنێو خۆماندا دیالۆگێكی گەورە دەست پێبكەین بۆ ئەوەش پلانی زۆر گەورەمان هەیە كە بە هاوكاری ئێوە دەتوانین بیكەین ئەویش پلانی گەشكردنەوە و گەنجكردنەوەی بزوتنەوەی گۆڕانە، ئێمە پلانمان هەیە گوێ بگرین لە هەمو ئەو كەسانەی كە رەخنە و تێبینی و داوایان لە بزوتنەوەكە هەیە و ئەمەش بە كاری دەستەجەمعی و بە هەمومان دەكرێت.

عەدنان عوسمان وتیشی :"لە ئێستادا دەبێت دەرگاكانمان كراوە بێت بۆ هەمو تێبینییەك، ئەو ئەزیزانەی لەگەڵمان ماونەتەوە و پێكەوە ئەو ناخۆشیانەمان تێپەڕاند دەبێت گوێیان لبێبگیرێت و ئەوان دڵسۆز و خەمخۆری بزوتنەوەكەن و هەمو هەوڵ و خەمێكیان لەپێناو ئەوەیە بزوتنەوەكە بڕواتە پێشەوە بەبێ هیچ ویستێك و تەنها دەیانەێت بزوتنەوكە رۆژە پرشنگەكانی بگەڕێتەوە و ئەو مۆمەی کە كاك نەوشیروان دایگیرساند رو لە كزی نەكات".

برزۆ مەجید، سکرتێری کاروباری خەڵک، ئاماژەی بە پرەنسیپە نەگۆڕەکانی بزوتنەوەی گۆڕان کرد کە بایەخێکی یەکجار زۆر بە خەڵك دەدات.

وتیشی :"گۆڕان یەکەم بزوتنەوەی سیاسییە لە هەرێمی کوردستان کە لە سەرکردایەتییەکەیدا بەشێکی تایبەتی بۆ خەڵک تەرخان کردبێت، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئاوێتەبونێکی ئێجگار زۆر لە نێوان خەڵک و گۆڕاندا هەیە".
برزۆ مەجید جەختی کردەوە کەهەر بڕیار و جوڵەیەکی سیاسی کە بزوتنەوەی گۆڕان دەیکات، زۆرترین کاردانەوەی دەبێت، هەروەها ئەو رەخنانەی کە لە بزوتنەوەی گۆڕان دەگیرێت لەلایەن خەڵکەوە، ئاماژە بە زیندوێتی ئەو بزوتنەوە سیاسییە دەکات، هەروەها گۆڕان لەوە تێدەگات کە شادەماری مانەوە و بەهێزبونی هەر هێزێکی سیاسی بریتییە لە خەڵکەکەی.

سکرتێری کاروباری خەڵک باسی لەوەکرد کە وەک چۆن لە رابردودا نەوشیروان مستەفا بۆ بڕیاردان زۆرترین راوێژی بە چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە و خەڵک دەکرد، ئێستاش بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر هەمان بەرنامە و رێبازی نەوشیروان مستەفایە.

سەبارەت بە کارەکانیشیان وەکو سکرتێری کاروباری خەڵک، برزۆ مەجید وتی:" لە ماوەی داهاتودا و دوای تەواوبونی ئەم زنجیرە کۆبونەوانە کاردەکەین لەرێگەی باژێڕوان و رایەڵەی کەسایەتییەکانەوە هەماهەنگی دروست بکەین لەگەڵ خەڵک و کەسایەتی و گروپە جیاجیاکان، بۆ ئەوەی لە پێشوازیاندا بین و سەردانیان بکەین بۆ ئەوەی گوێ لە سەرنج و بۆچون و رەخنەکانیان بگرین".

دەرباز محەمەد، سکرتێری کاروباری ژورەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆبونەوەکەی مەکۆی چەمچەماڵدا رایگەیاند: ئێمە دەتوانین سود لە تواناكانی هەمو ئەو كەسانە وەربگرین كە لە رابردودا بە هەر هۆیەك بێت نەیانتوانیوە بێنە پێشەوە تا لە ژورەكاندا كاروبارەكان بە باشی بەڕێوە بچێت، بێگومان قەزای چەمچەماڵیش بێبەش نابێت لەو فراوانكردنە چ لە ئاستی رێكخەری ژور بێت یان لە ئاستی ئەندامانی ژورەکان".

لەبارەی ئەو دۆخەی ئێستای عێراق و خۆپیشاندانەکانەوە، دەرباز محەمەد رایگەیاند:بۆ یەكەمجارە لە مێژوی عێراق كە خۆپیشاندان بەو شێوەیە و بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێكی سیاسی لە پشت بێت بە راستەوخۆ خۆپیشاندانێكی وا فراوان دەكرێت و وەڵامی حكومەت و هێزە ئەمنییەكانیش زۆر نا شایستە بوە بەرامبەر بە خۆپیشاندەران.

وتیشی :"لەناو عێراقدا كێشەیەكی زۆر كەڵەكە بوە هەر لە سەردەمی سەدام حسێنەوە تائێستا و لە ئێستادا دەسەڵاتیش قۆرخكراوە ئێمە لەگەڵ ئەوەین مافی خۆپیشاندەران بپارێزرێت و وەڵامی خۆپیشاندەران بدرێتەوە و چاكسازی ئەنجام بدرێت كە ببێتە هەنگاوێك بۆ بەرەو باشبون، بۆ ئێمەش باشترە كە لەگەڵ دەسەڵاتێكی  دادپەروەر و دیموكراسی وەك لەگەڵ دەسەڵاتێكی قۆرخكار مامەڵە بكەین، بۆیە وەک هەمیشە پشتیوانی خۆپیشاندەران دەكەین بەڵام بە شێوەیەك نەچێتە نێو بازنەی تێكدان و شێواندنی دۆخەكەوە".

چەمچەماڵ/ بڕیار نامیق


هەواڵی زیاتر