خانەی راپەڕاندن: گۆڕان وەک بزوتنەوەیەکی چاکسازیخواز لەسەر پرەنسیپەکانی خۆی بەردەوامدەبێت

27/10/2019

رێکخەری گشتی رایگەیاند: لە ململانێ ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانییەکاندا نابنە پارسەنگی هیچ لایەنێک، بەڵکو گۆڕان دەبێتە پارسەنگی بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستان، ئەندامانی خانەی راپەڕاندنیش جەختیان کردەوە کە گۆڕان وەک بزوتنەوەیەکی چاکسازیخواز بەشداریی حکومەتی کردوە و ئامانجیشی چاکەی گشتی و ئەنجامدانی چاکسازی و گۆڕانکارییە.

لە زنجیرەی دیدار و کۆبونەوەکانیاندا لەگەڵ هەڵسوڕاوان و لایەنگرانی بزوتنەوەی گۆڕان لە شارو شارۆچکەکاندا، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن لەگەڵ هەڵسوڕاوان و پشتیوانانی سنوری قەزای دوکان کۆبونەوە.

لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا، عومەر سەید عەلی رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: زنجیرەیەک کۆبونەوەمان کردوە، کۆبونەوەکان سەرکەوتوبون ئەگەر لێرە و لەوێش رەخنەیەک گیرابێت یان قسەو قسەڵۆکێک کرابێت ئێمە بە سنگێکى فراوانەوە وەرمان گرتوە.

وتیشی :"لە دواى کۆچى دوایی کاک نەوشیروان سەرکردەو رەمزى (50) ساڵ خەباتى گەلەکەمان، ئەوەى کە بۆى بەجێهێشتوین بزوتنەوەى گۆڕانە، کە ئەمانەتێکى گەورەیە و لەسەر مانە بە هەمومانەوە بیپارێزین، لەو دو ساڵەش بە هەمومانەوە توانیومانە رەگ و ریشەی بزوتنەوەکە بچەسپێنین و بیپارێزین، لەبەرامبەردا زۆر لایەن گرەویان لەسەر ئەوەکردبو و خۆیان ئامادەکردبو دواى کاک نەوشیروان بزوتنەوەکە قوت بدەن، بەڵام بە خۆڕاگریى هەمولایەک توانیمان ئەمانەتەکە بپارێزین و بەردەوام بین لەسەر رێبازەکەى".

رێکخەری گشتی جەختی کردەوە؛ تەسلیم بەهیچ لایەک نەبوین نابین، جگە لە بەرژەوەندى گەلەکەمان کە تەسلیمى بوین، ئەوە سەروەرییەکى گەورەى گۆڕانە، نابین بە پارسەنگى هیچ لایەن و دەوڵەتێک، بەڵکو دەبین بە پارسەنگى گەلەکەمان بۆ ئازادى و بۆ شەفافیەت و دادپەروەرى و خۆشگوزەرانى.

    تەسلیم بەهیچ لایەک نەبوین نابین، جگە لە بەرژەوەندى گەلەکەمان کە تەسلیمى ئەوەیان بوین

سەبارەت بە بەشداریی گۆڕانیش لە حکومەتدا، عومەر سەید عەلی رایگەیاند: لەسەر راسپاردە و بڕیاری جڤاتی نیشتیمانی بەشداریی حکومەتمان کردوە، لە کۆبونەوەکانی پێکهێنانى حکومەتیشدا بە بەرنامەیەک گفتوگۆمان کردوە کە بتوانین گۆڕانکاریى دروست بکەین، نەک ببین بە دیکۆرێک بۆ رازاندرنەوەى کابینەکە.

رێکخەری گشتی وتی :"با خەڵک بەراوردى بەرنامەى گۆڕان و بەرنامەى کابینەکە بکات، کە بەرنامەى حکومەت هاوتەریبە لەگەڵ بەرنامەى گۆڕان، بۆ خۆشگوزەرانى و دادپەروەرى و بەگژاچونەوەى گەندەڵى، ئێمە لەم سۆنگەیەوە چوینەتە حکومەتەوە، داوا لە خەڵک دەکەین چاودێرێکى راستەقینەبن بەسەر بەرپرسانى گۆڕان لە حکومەتدا لە وەزیرەوە بۆ هەمو ئاستەکان، بە چاوێکى رەخنەییەوە چاودێرى بکەن بۆ ئەوەى بە هەوڵى هەموان بتوانن باشترین کار ئەنجام بدەن".

    یەکڕیزیى نێوان لایەنەکان پێویستە بۆ پاراستنى ئەو قەوارە سیاسییەى بە خوێن و خەباتێکى زۆر پێکمانهێناوە

سەبارەت بە دۆخی ناوچەکەش، عومەر سەید عەلی رایگەیاند: ناوچەکە و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە دۆخێکى خراپدایە و دەوڵەتانى زلهێز هاتونەتە ئەم ناوچەیە و لێرە ململانێیەکانیان یەکلایى دەکەنەوە، بۆیە هەرێمى کوردستانیش بەدەر نییە لەو مەترسییە، هەر لەبەرئەوەشە یەکڕیزیى نێوان لایەنەکان پێویستە بۆ پاراستنى ئەو قەوارە سیاسییەى بە خوێن و خەباتێکى زۆر پێکمانهێناوە، بەدەر لەوە ئەم قەوارە سیاسییە لەبەردەم مەترسیی لەبارچونە".

لەبارەی دۆخی ناوخۆیی و خۆڕیکخستنەوەی گۆڕانەوە، رێکخەری گشتی وتی :"لەم دۆخەدا خەریکى خۆڕێکخستنەوەین، بەرەو کۆنفرانسى نیشتیمانى دەچین پێویستە لەو ماوەیەى کە لەبەردەستدایە ئەو کارانە تەواو بکەین، دەرگاى بزوتنەوەى گۆڕانیش واڵایە بۆ ئەو خوشک و برایانەمان کە ناڕازین تا بێنەوە لە شوێنى خۆیان کاربکەن، سوپاسیشیان دەکەین بۆ ئەو ماوەیەى لەگەڵمان بون".

شەماڵ عەبدولوەفا، سکرتێری کاروباری ژورەکان لە خانەی راپەڕندنی بزوتنەوەی گۆڕان، بە گێڕانەوەی بەسەرهاتێکی کورتی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا بەشداریی کۆبونەوەکەی کرد بۆ رونکردنەوەی دید و دنیابینی بزوتنەوەی گۆڕان و وتی: ساڵى (1992) کۆنگرەى یەکێتى بو، پێش تەواوبونى کۆنگرە کاک نەوشیروان کۆنگرەى جێهێشت و چومە لاى وتم کاک نەوشیروان بۆ کۆنگرەت جێهێشت لە وڵامدا وتى: ناتوانم لە حیزبێک کار بکەم مەبدەئى ئیشکردنەکەی بەوشێوەیە بێت، وتم ئەى بۆ حیزب جیاناکەیتەوە؟ وتى: لەبەر ئەوەى کورد لە خەتەردایە، ئەگەر ئێستا یەکێتى پارچە پارچە بکەم کورد زیانی لێدەکات، ساڵى (2008) چومە لاى وتى: ئێستا کاتى ئەوە هاتوە من بتوانم بە ویژدانەوە بزوتنەوەکەیەک دروست بکەم، چونکە کورد لە مەترسیدا نییە و لە دەستوری عێرقدا مافەکانمان پارێزراوە.

ئاماژەی بەوەکرد؛ دواتر کاک نەوشیروان بزوتنەوەی گۆڕانى دروست کرد، خەڵکى بە ئاگاهێنایەوە بۆ مافەکانى، ئەمەش بە ئەخلاقى سیاسى دەکرێت و دەبێت نەوە دواى نەوە ئاڵا هەڵگرى ئەو کاروانە بین، ئەمەش پێویستى بە بزوتنەوەیەکى بەهێزە لە هەمو ئاست و ئۆرگانەکانەوە، دەبێت بە هەمو کایە و وێستگەکانى خۆماندا بچینەوە بۆ بەهیزکردن و خۆڕێکخستنەوەى گۆڕان.

لە کۆبونەوەکەدا، جه‌لال جه‌وهه‌ر سکرتێری کاروباری فراکسیۆنەکان لە خانەی راپەڕاندن ئاماژەی بەوەکرد؛ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ ساڵی (2009) كه‌ هاته‌ كایه‌وه‌، دو جیاوازی‌ هه‌بو له‌گه‌ڵ پارته‌ سیاسییه‌كانی‌ دیكه‌، یه‌كه‌میان بریتی‌ بو له‌وه‌ی‌ كه‌ هێزێكی‌ چاكسازیخواز بو به‌پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌و هێزانه‌ی‌ كه‌ گه‌نده‌ڵییان له‌ حكومه‌تدا ده‌كرد، دوه‌میان هێزێكی‌ مه‌ده‌نی بێ چه‌ك بو كه‌ بڕوای‌ به‌ خه‌باتی‌ مه‌ده‌نی‌ هه‌بو له‌ هێنانه‌كایه‌ی‌ گۆڕانكاریی‌.

جه‌ختی‌ له‌وه‌كردوه‌ كه‌ گۆڕان نه‌یتوانیوه‌ ئه‌و دو كلتوره‌ (كلتوری‌ چاكسازی‌ و خه‌باتی‌ مه‌ده‌نی‌) بەتەواوەتی له‌نێو ته‌واوی‌ ئۆرگانه‌كانیدا بچه‌سپێنێت و سه‌رجه‌م هه‌ڵسوڕاوه‌كانی‌ له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌ بكات، به‌ تایبه‌ت له‌ كاتێكدا كه‌ چه‌سپاندنی‌ خه‌باتی‌ مه‌ده‌نی‌ له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردیدا كه‌ به‌درێژایی‌ مێژو سەرقاڵی خه‌باتی‌ چه‌كداریی‌ بوە، زۆر پێویستە.

عەدنان عوسمان، سکرتێری جڤاتی نیشتیمانیی بزوتنەوەی گۆڕانیش، ئەوەی خستەڕو کە ساڵی (2009) کە گۆڕان دروست بو ویستی دابڕانێکی فیکری و سیاسی و رێکخستن بێت لەگەڵ شێوازی کارکردنی حیزبایەتی و سیاسی لە ساڵانی رابردوی کوردستاندا، لە روی فیکرییەوە، گۆڕان نەبوە حیزبی ئایدۆلۆژی و بەپێچەوانەوە خاوەن فیکرێک بو کە توانی ئایدۆلۆژیاکانی تر لە خۆیدا کۆبکاتەوە و بیتوێنێتەوە، هەر کەس سەر بە قوتابخانەی فیکری و ئایدۆلۆژیایەک جیاواز بن دەتوانن لە چوارچێوەی بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕاندا کاربکەن و ئامادەییان هەبێت.

وتیشی :"لە روی سیاسییەوە، گۆڕان سەرباری بڕوابونی بە کۆمەڵێک پرنسیپی نەتەوەیی و نیشتیمانی کە پێویستە لە واقیعی کوردستاندا لە چوارچێوەی دیاریکردنی مافی چارەنوسدا سەربەخۆیی هەرێمەکان و پاراستنی دەستکەوتە دەستوریی و هاونیشتیمانی بون و هاوخەمی لەگەڵ بەشەکانی تردا هەبێت، هیڵی جیاکەرەوە بو لەگەڵ حیزبەکانی تردا، هیوادارین بەردەوام بین، هەوڵمان نەداوە جیاوازی سیاسی خۆمان کاڵ بکەینەوە، هەوڵمان داوە لایەنەکانی تر بێنینە سەر پرەنسیپەکانی خۆمان کە حیزبێکی ریفۆرمستین و لە چوارچێوەی چاکەی گشتی کاردەکەین، خۆشحاڵین کە ئێستا حکومەت و زۆرینەی حیزبەکان هاتونەتە سەر ئەو رایەی بەبێ چاکسازیی ئەم هەرێمە ناتوانێت درێژە بە تەمەنی خۆی بدات".

جەختی کردەوەکە؛ گۆڕان رچەشکێن بوە لەوەی کە زیاتر کاردەکات و کاری لەپێشینەی ژیان و بژێوی خەڵک و پێشکەشکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاریی و رێگاوبان و ئاوەدانییە، گۆڕان ئەوەندەی چاوی لەسەر ئایندەیە، ئەوەندە لەسەر سەروەری و باشی و خراپییەکانی رابردو کارناکات".

سەبارەت بە پەیکەری رێکخستنی بزوتنەوەی گۆڕان، عەدنان عوسمان رایگەیاند:  لە روی رێکخستنەوە گۆڕان دابڕاو بو لە شێوازی کلاسیکی لایەنەکانی تر، ئەو نمونەیەی کاک نەوشیروان و هاڕێکانی جێگیریان کرد، لە روی رێکخستنەوە بە کردەیی دنیابینی سیاسی و فیکریی و ئایدۆلۆژییەکان لەخۆدەگرێت، پەیکەرەی رێکخستنی گۆڕان فەرشی و ئاسۆییە جیاوازە لە حیزبەکانی تر، کە لەسەروە سەرکردایەتییەک هەیە نە چاودێری لەسەرە و نەدەگەڕێتەوە بۆ ئۆرگانەکانی تر لە روی پرس و راویژەوە، لە روی دەستورەوە گۆڕان لەسەر بنەمای ئەوە دروست بوە کە جڤاتی نیشتیمانی کاریگەر و بڕیاردەر و گرنگی هەبێت لەسەرجەم بوارەکاندا.

    ئەو پەیکەرەیەی بۆ گۆڕان دانراوە گرنگە، جیاوازی کردوە لە حیزب و بزوتنەوەکانی تر، دەسگرتن بەوەوە گرنگە بۆ پاراستنی روحی گۆڕان و گۆڕانکاریی

وتیشی :"لە جڤاتی نیشتیمانیدا پێچەوانەی حیزبەکانی تر، کۆمەڵێک پایە و بنەمای گرنگی هەیە، پێکهاتوە لە خانەی راپەڕاندن و تەواوکاریی ژنان و باژێڕوانەکان کە لە نوێنەرایەتی جوگرافیای کوردستان پێکهاتوە و هەمو بەشێک و ناوچەیەکی کوردستان ئامادەیی و رۆڵیان هەیە، ژورەکان بەپێی دابەشکردنی نەوعی و سێکتەرەکان، توانای ئەکادیمی زانستی و ئامادەییان هەیە لەناو جڤاتدا، فراکسیۆنەکان و ئەنجومەنی پارێزگاکان ئامادەییان هەیە و ئەو بڕیارانەی پەیوەستن بە سیاسەتی گشتی و ژیانی خەڵکەوە دادەڕێژرێن، رەوەندی کوردییش حزوریان هەیە".

سکرتێری جڤاتی نیشتیمانی جەختی کردەوە؛ ئەو پەیکەرەیەی بۆ گۆڕان دانراوە گرنگە، جیاوازی کردوە لە حیزب و بزوتنەوەکانی تر، دەسگرتن بەمەوە و پەیڕەوکردنی گرنگە بۆ پاراستنی روحی گۆڕان و گۆڕانکاریی.

دەرباز محەمەد، سکرتێری کاروباری ژورەکان لە خانەی راپەڕاندن ئاماژەی بە گرنگی ژورەکان کرد لەناو گۆڕاندا کە لەسەر بنەمای پسپۆڕیی سیاسی و ئیداری و رێکخراوەیی کاردەکەن، وتی :"ژورەکان بە کۆمەڵێک قۆناغی باشدا تێپەڕیون، پلانمان هەیە لەماوەی سێ مانگدا رێکیان بخەینەوە بۆ ئەوەی بتوانن وەڵامدەرەوەی کاروبارەکان و ئەرکەکانی خۆیان بن".

وتیشی :"لەبەرنامەدایە ژورێک زیاد بکەین بۆ پێگەیاندنی سەرچاوەی مرۆیی و کادر بۆ بزوتنەوەکە، چونکە هەست دەکەین لەماوەی رابردودا کەموکورتی هەبوە لە گەیاندنی بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕان و دنیاببینی پێویستە کادر و هەڵسوڕاوانی گۆڕان ئاشنای بن".

سەبارەت بە بەشداریی کردنی گۆڕان لە حکومەتدا، دەرباز محەمەد وتی :"گۆڕان لە دو هەڵبژاردنی یەکەمدا بەشداریی کردوە لە پەرلەمانی کوردستان و یەک لەسەر چواری کورسییەکانی پەرلەمانی بەدەستهێناوە، بەڵام نەیتوانیوە ببێتە زۆرینە و دەسەڵات بگرێتە دەست، لە خولی سێیەمی بەشداری کردنیدا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، گۆڕان دەسەڵاتی وەرنەگرتوە، بەڵکو بەشداریی کردوە لە دەسەڵاتدا، ئەوەش لەسەر ئەو بنەمایەی کە دەسەڵات جیاواز بێت لە رابردو".

ئاماژەی بەوەکرد؛ ئێستا ئەرکیان قورسە پێویستیان بە هەماهەنگی هەمو لایەکە تا هاوکاربن بۆ ئەوەی بەشداریی گۆڕان بە بەرژەوەندی کۆی خەڵکی کوردستان بشکێتەوە و حوکمڕانیی چوار ساڵی داهاتو جیاوازبێت لە رابردو.

لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا برزۆ مەجید سکرتێری کاروباری خەڵک لە خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: خەڵکى کوردستان چاکەى زۆریان بەسەر ئێمەوە هەیە، کاک نەوشیروان و هاوڕێکانى کاتێک گۆڕانیان دامەزراند نە رایەڵە و نە بازنە و نە مەکۆ و نە جڤات و نە ژور و نە خانەى راپەڕاندن هەبو، زۆرترین دەنگیشمان بەدەستهێنا و دواتر لەپاڵ ئەو پایە گەورەیەى گۆڕان کە خەڵکە و گۆڕان خۆى رێکخستەوە و دواتر رایەڵە و مەکۆکان و ژورەکان و ئەنجومەنى قەزاکانى دامەزراند".

وتیشی :"خەڵک پشتگیریى لە گۆڕان دەکات و دەنگ بە گۆڕان دەدات بۆیە ئەو پشت و پەنایەى خەڵک بۆ بزوتنەوەى گۆڕانى هەیە بۆ هیچ هێز و لایەنێکى سیاسى دیکەی نییە، بۆیە ئیمە قەرزارى خەڵکین، خۆشحاڵییەکیش هەیە کە خەڵک هیچى لە بزوتنەوەى گۆڕان ناوێت تەنها ئەوەی دەوێت ئەگەر لە حکومەت بویت نمایندەى داواکارییەکانى بکەیت و هەوڵ بدەیت جێبەجێی بکەیت ئەگەر ئۆپۆزسیۆن بویت نمایندەى خەمەکانى بکەیت وێنەى خەم و ئازارەکانى بکەیت بۆ ئەوەى فشار بخەیتە سەر دەسەڵات تا جێبەجێى بکات".

برزۆ مەجید جەختی کردەوە کە؛ گۆڕان نە چەک و پارە و نەوتی هەیە، نە دەیەوێت هەیبێت، بۆیە خەڵک تەنها بەسەرکردنەوە و گوێگرتن لە داخوازییەکانی دەوێت و ئێمەش لە کۆبونەوە و پەیوەندى بەردەوامدا دەبین لەگەڵ هەڵسوڕاوەکانماندا، بۆ ئەوەی گوێ بۆ خواست و داواکاری و پێداویستییەکانیان بگرین.

دوکان/ بڕیار نامیق

 


هەواڵی زیاتر