جڤاتى گشتى و جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان کۆدەبنەوە

06/11/2019

بڕیارە سبەینێ پێنجشەممە جڤاتى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان کۆببێتەوە و رۆژى شەممەى داهاتوش جڤاتى نیشتیمانى کۆدەبێتەوە، ئەندامێکى خانەى راپەڕاندیش دەڵێت:"سێ تەوەرى گرنگ گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت و بڕیاریان لەبارەوە دەدرێن، ئەوانیش؛ خۆ نوێکردنەوە و خۆڕێکخستنەوە، هەڵسەنگاندن بۆ بەشداریکردن لە حکومەت لەگەڵ سیاسەتى گۆڕان لەبارەى روداوەکانی عێراق و رۆژئاواى کوردستان".

د. دەرباز محەمەد، سکرتێرى کاروبارى ژورەکانى بزوتنەوەى گۆڕان لەبارەى ئامانج و تەوەرەکانى کۆبونەوەکانى جڤاتى گشتى و جڤاتى نیشتیمانى و هەنگاوەکانى داهاتوى بزوتنەوەکەوە بە (سبەى) راگەیاند؛ ئەمە یەکەم کۆبونەوەى جڤاتى نیشتیمانى و جڤاتى گشتییە دواى ئەوەى کە خولێکى دیکەى خانەى راپەڕاندن هەڵبژێردراوە، ئەوەى گرنگە لەم کۆبونەوانەدا چەند تەوەرێکە، یەکەمیان: خۆ نوێکردنەوە و خۆڕێکخستنەوەى ناو بزوتنەوەى گۆڕانە، چونکە هەم لە ئاستى رێکخستنەکان هەم لە ئاستى ژورەکان بۆشایی زۆرمان هەیە و ئێستا ئامادەکارى کراوە بۆ ئەوەى لەو کۆبونەوەیەدا بەشێک لەو بۆشاییانە پڕبکرێنەوە و کەسانى نوێى دابنرێن و چارەسەرى ئەو گرفت و بۆشاییانە بکەین".

وتیشى: "تەوەرى دوەم هەڵسەنگاندنە بۆ بەشداریکردنمان لە حکومەت، واتە هەڵسەنگاندنێکمان هەبێت بۆ ماوەى رابردو وە چۆن لە ماوەیەکى نزیکدا ئەو پۆستانە بە کەسانى شایستە پڕ بکەینەوە کە بەرکەوتەى گۆڕانن بۆ ئەوەى بتوانین لە ماوەى سێ ساڵى داهاتودا، نوینەرایەتییەکى باشى خەڵک بکەن و کاروبارى حکومەت بە سودى خەڵک بشکێتەوە".

ئاماژەى بەوەکرد؛ تەوەرى سێیەم و ئەوەى بۆ ئەم کۆبونەوەیەى هەردو جڤات گرنگە، ئەو روداوانەیە کە هەم لە عێراق و هەم لە رۆژئاواى کوردستان و لە کۆى ناوچەکە رودەدەن "بۆ ئەوەى سیاسەتى گۆڕان زۆر رون بێت و بەو ئاڕاستەیەى بزانین سیاسەتى ئێمە چییە بەرامبەر بەو گۆڕانکارییانە".

وتیشى: "بەداخەوە لە ماوەى  رابردودا پۆستى رێکخەرى شەش ژورى بزوتنەوەى گۆڕان چۆڵ بوە، لەئیستادا کاندیدمان بۆ زۆربەى ژورەکان هەیە کە خەڵکى شایستە و شارەزا و لێهاتون لەو بوارەى خۆیاندا، پێمان وایە لانى کەم لەم کۆبونەوەیەدا بتوانین نیوەى ئەو ژمارەیە بخەینە بەردەستى جڤاتى نیشتیمانى بۆ ئەوەى پەسەندى بکات".

هەروەک رونى کردەوە لەسەر دو ئاست هەوڵى خۆنوێکردنەوە دەدەن چ بە نوێکردنەوەى ژورەکان و چ بە ئەنجامدانى هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان بکەینەوە لە ئاستى رایەڵە و بازنە و باژێڕوانەکان لە ماوەیەکى نزیکدا، دەشڵێت: "بێگومان مەسەلەى ئامادەکارییەکان بۆ بەستنى کۆنفرانسى نیشتیمانى کراوە و لە کۆبونەوەى جڤاتى نیشتیمانى لەوبارەیەشەوە بڕیارێک دەردەچێت، چونکە چەند لیژنەیەک پێکهێنراوە وەک لیژنەى بەرنامەی سیاسی، لیژنەى پێداچونەوەى دەستورى ناوخۆ، لیژنەى هەڵسەنگاندنى کاروبارى ژورەکان، لیژنەى هەڵسەنگاندنى هەڵبژاردنەکانى رابردو، لیژنەى میدیا و لیژنەیەکیشمان هەیە بۆ ئامادەسازییەکانیان بۆ لایەنە لۆجستییەکانى بەستنى کۆنفرانسى نیشتیمانى".

ئا/ بڕیار نامیق


هەواڵی زیاتر