فراکسیۆنی گۆڕان: بەشداریی کۆبونەوەی لایەنە عێراقییەکانمان نەکردوە

20/11/2019

فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت؛ ئەوان بەهیچ شێوەیەک بەشداری کۆبونەوەکەی شەوی رابردویان نەکردوە لە نوسینگەی عەمار حەکیم و جەخت دەکاتەوە کە ئیمزاشیان لەسەر بەیاننامەی کۆبونەوەکە نەکردوە.

فراکسیۆنی گۆڕان لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت:"ئێمە بەهیچ شێوەیەک بەشداری ئەو کۆبونەوەیەمان نەکردوە کە هەندێک لایەن و کولتەی سیاسی لە نوسینگەی عەمار حەکیم رێکیان خستبو، هەروەها ئیمزاشیان لەسەر ئەو بەیاننامەیە نەکردوە بەناوی "پەیماننامەی شەرەف" کە بڵاوکراوەتەوە و هەروەها رێگەش نادەن هیچ لایەنێک بەناوی فراکسیۆنی گۆڕانەوە قسە و لێدوان بدات".

هەر لەو بارەیەوە، د. دەرباز محەمەد ئەندامى خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان لە لێدوانێکدا بۆ (سبەى) جگە لە دوپاتکردنەوەى پشتیوانى بۆ راگەیەندراوەکەى فراکسیۆنى گۆڕان لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، رایگەیاند؛ بزوتنەوەى گۆڕان لە داڕشتن و بڕیاردانى ئەو رێککەوتنەى لایەنە سیاسیەکانى عێراق بەشدار نەبوە.

شەوی رابردو، عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتیمانیی (12) هێز و لایەنی بەشداری حکومەت و پەرلەمان و پڕۆسەی سیاسیی کۆکردەوە و لە کۆتاییدا سەرجەم لایەنەکان ئیمزایان لەسەر وەرەقەیەکی سیاسیی کرد وەک نەخشەڕیگایەک بۆ چارەسەری دۆخی سیاسی عێراق و وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی شەقام و خۆپیشاندەران.


راگەیەندراوەکەى فراکسیۆنى گۆڕان


هەواڵی زیاتر