جەلال جەوهەر: لە هەرێمى کوردستان شتێک نیە بەناوى پڕۆسەى دیموکراسى

05/12/2019

جەلال جەوهەر رایگەیاند: لە هەرێمی کوردستان شتێک نییە بەناوی پڕۆسەی دیموکراسی، ئەوەی هەیە جێبەجێکردنی چەند بنەمایەکی دیموکراسییە.

لە پێنجەمین دیداری مێرگەسور، لەبارەی دۆخی عێراق و ئایندەی هەرێمی کوردستان، جەلال جەوهەر ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان وتی :" لە هەرێمی کوردستان شتێک نییە بەناوی پڕۆسەی دیموکراسی، رەنگە ئەو دەستەواژەیە بۆ هەموان غەریب بێت، بەڵام ئەوەی هەیە لە کوردستان جێبەجێکردنی چەند بنەمایەکی کەمی دیموکراسییە وەک هەڵبژاردنەکان و فرەیی".

وتیشی :" زۆرترین حاڵەتى دیموکراسى لە کوردستان هەڵبژاردنەکانە، هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجومەنى پارێزگاکانە، یەکەم هەڵبژاردن ساڵی (1992) کرا دواتر لە ساڵی (2005) دوەم هەڵبژاردن ئەنجامدرایەوە، جیاوازییەکە (13) ساڵە، ئەو هەڵبژاردنانەش لە ئاستی ئەوە دانییە پێی بوترێت پڕۆسەی دیموکراسیی، چونکە پڕبوە لە ساختەکاریی، لەگەڵ ئەوەشدا هەر باشتر بوە لە شەڕی ناوخۆ".

جەلال جەوهەر دوپاتی کردەوە؛ یەکێکى تر لە بنەماکانى دیموکراسى فرەییە، سەرەڕای بونی ژمارەیەک حیزب و چەندین پێکهاتەیەکی دیکەی وەک تورکمان و ئاشوری لەناو پەرلەمانى کوردستان، بەڵام تا توندوتیژى و ناهەقى و ناعەدالەتی لە کوردستاندا هەبێت دەبێت حسابى ئەوە بکەین کە فرەیی لە مەترسیدایە.

ئەندامەکەی خانەی راپەڕاندن وتیشی :"سەروەریى یاسا یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانى دیموکراسیەت، لە هەرێمى کوردستان تائێستا یاسا سەروەر نییە، وەکخۆى و بۆ هەمومان وەک یەک جێبەجێ ناکرێت".

لەبارەی نادادپەروەریشەوە، وتی :"نا دادپەروەریی هەیە، دامەزراندن بۆ کەسێک هەیە بۆ کەسێکی دیکە نییە، وەرگرتنی بەرپرسیارێتی هەر لە پۆستی بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکەوە تا بەڕێوەبەری گشتی و سەرۆکی زانکۆ و وەزیری و بەرپرسی باڵا بۆ هەموان وەک یەک و لەسەر بنەمای لێهاتویی نییە".

لەبارەی پەرلەمانى کوردستانیشەوە وەک یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی پڕۆسەی دیموکراسی، جەلال جەوهەر وتی :"پەرلەمان یەکێکە لەو دامودەزگایانەى کە هەمومان شانازى بە دروستبونییەوە دەکەین، سەروەرى و دەستکەوتێکی بێ ئەندازە گەورەیە، بەڵام بەداخەوە پەرلەمانیش تا ئەمڕۆ ئەو پەرلەمانە نییە کە ئێمە بتوانین بیکەینە سەرچاوە هەمو بڕیارەکان، یەکێک لە عەیبە گەورەکان ئەوەیە ئێمە نەمانتوانیوە کەسایەتییە گەورەکان ببەینە پەرلەمانەوە، نەمانتوانیوە بیکەینە دەزگایەکى یاسادانان و بڕیاردان".

جەلال جەوهەر ئەوەیخستەڕو کە؛ گەندەڵیی هەمو جومگەکانى هەرێمى کوردستانى گرتوەتەوە، هەمو کاربەدەستانى کوردستانیش لە بچوک بۆ گەورە دانى پێدا دەنێن، بۆ حکومەتی نوێ ئێمە رێککەوتوین کە یاسایەک هەبێت بۆ چاکسازى هەمو دامەزراوەکانى هەرێم بگرێتەوە".

وتیشی :"حکومەت دەیەوێت چاکسازیى تەنها لە موچە و چەند شتێکى بچوکدا بکرێت، لەکاتێکدا نە ئێمە وا رێککەوتوین و نە ئەوەش چاکسازییە، دەبێت چاکسازیى هەمو جومگەیەک بگرێتەوە، هەمو لایەنێکى ژیانى خەڵک پێویستى بە چاکسازییە و ئەمەى ئێستا هەیە پێى ناوترێت چاکسازیی".

ئەندامەکەی خانەی راپەڕاندن جەختی کردەوە؛ پڕۆسەى دیموکراسى، بە تەنها نییە کە ناوت نا پڕۆسە، دەبێت حسابى هەمو بنەماکانى بکەیت، دەستاودەستکردنى دەسەڵات و جیاکردنەوەى دەسەڵاتەکان بنەمای سەرەکیی دیموکراسییە، هەموی کێشە و مەترسى لەسەرە، لە سەروی هەموشیانەوە پڕۆسەی شەفافیەتە".

لەبارەی ئەوەی خۆپیشاندانەکانى بەغدا و پارێزگاکانى دیکەی عێراق بۆ نەگەیشتوەتە هەرێمى کوردستان، جەلال جەوهەر وتی :"من پێموایە ئەو هۆکارە بابەتى و خۆییەى کە بونەتە هۆى ئەو خۆپیشاندانانەى خواروى عێراق، ئەو هۆکارانە لە هەرێمیش بە شێوازێک هەیە، بەڵام جیاوازییەکەى ئەوەیە ئێمە لە دۆخێکى سیاسى واداین کە ئەم قەوارەیەى هەمانە هەڕەشەى مەزهەبى و شۆڤێنستى لەسەرە، گەر بێیتە سەر ئەولەویەت هەمو کەس  قەوارەکەى خۆى لە پێشە".

فۆتۆ/ بڕیار نامیق


هەواڵی زیاتر