عەلى حەمەساڵح: مانگانە ١٠ ملیۆن دۆلار قازانجی قاچاخی جگەرەیە

26/01/2020

عەلى حەمەساڵح سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان رایدەگەیەنێت، ٨٠٪‏ جگەرە بە قاچاخ دێت  و قازانجەکەشى مانگانە ١٠ ملیۆن دۆلارە.

عەلى حەمەساڵح لە پەڕەى خۆى لە فەیسبووک بڵاویکردەوە، "خاڵە سنوریەکان بوە ناوەندێک بۆ قاچاخچێتی و قۆرخکاری و بە ملیۆنێرکردنی چەند بەرپرس و کەسێک و ئەم دۆخی گەندەڵیە لەسەرجەم خاڵە سنوریەکاندا ھەیە، ھەریەکە بە شێوازی جیا، بەدواداچونمان بۆ ھەموو دۆسیەکان کردوە، لە ئیبراھیم خەلیل و سمێلکاوە تاوەکو باشماخ".

ئاماژە بەوەشدەکات، ئەوەی لە خاڵی سنوری سمێلکا، حومکمڕانەو بڕیاری بازرگانی دەدات چی بڕوات و چی بێت کۆمپانیای ستێرە، نەک حکومەت ئەم دۆسیەش بە وەزارەتی دارایی  و ئەنجومەنی وەزیران وتراوە و لە دەرەوەی گومرگی باشماخ، بە پشتبەستن بە ھێزی ئەمنی جگەرە بە قاچاخ دێت و بە ھیچ گومرگ و پشکنینێک تێناپەڕێت، قەباری ئەم قاچاخی جگەرە بەشێوەیەکی مەترسیدار زیادیکردوە، ٨٠٪‏ جگەرە ئێستا بە قاچاخ لەلایەن بەرپرسانەوە بە ھێزی ئەمنی داخڵدەکرێت، مانگێکە بە نوسراوی فەرمی سەرجەم دامەزراوە فەرمیەکانیان ئاگادارکردوەتەوە.

عەلى حەمەساڵح ئاشکراشیکردووە، بەراوردی ھاتنی جگەرە لە نێوان شەش مانگی کۆتایی ٢٠١٨ بە شەش مانگی کۆتایی ٢٠١٩ دەریدەخات مانگانە ٢٠٠ ھەزار کارتۆن جگەرە بە قاچاخ دێت، بەجۆرێک، ٦ مانگی کۆتایی ٢٠١٨، یەک ملیۆن و شەش سەدو نەوەدو دوو ھەزار و دووسەدو بیست و شەش کارتۆن ولە  ٦ مانگی کۆتایی ٢٠١٩، سێ سەدو بیست دوو ھەزارو پێنج سەدو چل و حەوت کە جیاوازی ڕەسمی گومرگی لە نێوان هەردوکیان پەنجا و چوار ملیۆن حەوت سەد و هەشتا شەش هەزار و هەشتا دۆلارە.

بە وتەى عەلى حەمەساڵح، تەنیا لە باشماخ، قازانجی مانگێکی قاچاخی ھێلکەو جگەرەو مەشروب دوگ ٢٥ ملیۆن دۆلارە.


هەواڵی زیاتر