عەلی حەمەساڵح: بە هیچ شێوەیەک موچەی فەرمانبەران و دەرماڵەکان نابڕدرێت

31/03/2020


سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان دوپاتی دەکاتەوە، بەهیچ شێوەیەک موچەی فەرمانبەران پاشەکەوت ناکرێت و دەرماڵەکانیان نابڕدرێت، ئەوەی هەیە جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاسای چاکسازییە کە خۆی دەبینێتەوە لە هەڵوەشاندنەوەی موچە و پلە و خانەنشینی نایاسایی.

عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند؛ ئەمڕۆ سێشەممە کۆبونەوەی لیژنەی تایبەت بە دەرکردنی رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کۆتایی هات کە جەختکراوەتەوە لەوەی بەهیچ شێوەیەک موچە و دەرماڵەی فەرمانبەران نابڕدرێت.

وتیشی: ئەوەی ئێستا ئامادەکاری بۆ دەکرێت، جێبەجێکردنی یاسای چاکسازییە، کە خۆی دەبینێتەوە لە پلە و موچە و خانەنشینی نایاسایی و هەروەها رێکخستنەوەی دەرماڵەکان و هێنانەکایەی دادپەروەری.

سەبارەت بە رێکخستنەوەی ئەو دەرماڵانە عەلی حەمەساڵح وتی: هەندێک فەرمانگە و دەستە هەن بە بڕیارێک رێژەی دەرماڵەیان (300٪) کە هەمان کاری فەرمانبەرێک دەکەن لە فەرمانگە و دامەزراوەیەکی دیکە، بۆیە دەبێت ئەو جیاوازییە دادپەروەری تێدابێت و رێکبخرێتەوە، واتە ئەمە پەیوەست نیە بە بڕینی دەرماڵەی تەرخانکراو یاخود دەرماڵەی (150) هەزار دیناری مامۆستایان و دەرماڵەی مەترسی. بەڵکو وەکو خۆی دەمێنێتەوە.

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان باسی لەوەکرد کە ژمارەیەک پێشنیاریان خستوەتەڕو تا تێپەڕاندنی دۆخەکە، لەوانەش وەرگرتنەوەی بڕی زیاتر لە یەک ترلیۆن دیناری قەرز لەلایەن کۆمپانیا و سەرمایەداران، هەروەها پێداچونەوە بە خەرجییەکانی نەوت و ئەو کۆمپانیایانەی لە خاڵە سنورییەکان کار دەکەن و مانگانە بە شێوازی جیاجیا نزیکەی (60) ملیۆن دۆلاریان دەستدەکەوێت.


هەواڵی زیاتر