گۆڕان ئەنجامی هەڵبژاردن رەتدەکاتەوە

22/10/2018

بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجامی هەڵبژاردن رەتدەکاتەوە و دەڵێت: دواخستنی راگەیاندنی ئەنجامەکان بۆ ئەو ماوە زۆرە، تەنها بەمەبەستی دەستکاری ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بو.

 بزوتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمان، راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتوە" دواخستنی راگەیاندنی ئەو ئەنجامە بۆ ئەم ماوە زۆرە، تەنیا بەمەبەستی دەستکاری ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بوە و بزوتنەوەی گۆڕان سەر لەبەری ئەو ئەنجامە رەتدەکاتەوەو هەموو رێوشوێنێکی ئوسوڵی دەگرێتەبەر بۆ ئەو مەبەستە".

دەقی راگەیەندراوەکە
راگەیەندراوی بزوتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمان

دوای سێ هەفتە لەچاوەڕوانی، دوێنێ درەنگانێکی شەو، پارتی و یەکێتی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی (30)ی ئەیلولی پەرلەمانی کوردستانیان راگەیاند.
دواخستنی راگەیاندنی ئەو ئەنجامە بۆ ئەم ماوە زۆرە، تەنیا بەمەبەستی دەستکاریی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بو، جگە لەو تەزویر و ساختەکارییەی ئەنجامدرا لەرۆژی دەنگداندا، لەڕێگای دروستکردنی سەدان هەزار رەگەزنامەی عێراقی ساختە، بەهاوکاری و راستەوخۆی فەرمانگەکانی رەگەزنامە لە هەرێم، کەسەر بەوەزارەتی ناوخۆی عێراقن.

بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت کە سەرلەبەری ئەو ئەنجامە رەت دەکاتەوە و هەمو رێوشوێنێکی ئوسوڵی دەگرێتەبەر بۆ ئەو مەبەستە.

لێرەوە بە پێویستیشی دەزانین، سوپاسی خۆمان ئاراستەی ئەو دەستەیە بکەین لە ئەنجومەنی کۆمسیاران، کە ئازایانە ئەو ئەنجامەیان رەتکردەوە.

بزوتنەوەی گۆڕان
21/10/2018


هەواڵی زیاتر