بزوتنەوەی گۆڕان: سزادانی (پێنج) چالاکوانی بادینان پێشهاتێکی ناجۆری دەسەڵاتە دەرهەق بە چالاکوان و ئازادیخوازان

16/02/2021

ڕاگەیەندراوی فەرمی


بۆ پشتیوانیکردن لە چالاکوان و ئازادیخوازانی بادینان، بزوتنەوەی گۆڕان پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت:  بە سیاسیکردن و بە حیزبیکردنی سەکۆی دادگاکان و قەڵەمی دادپەروەری؛ دۆخی هەرێم بەرەو قەیران و ئاڵۆزی زیاتر دەبات، هەر لەو روانگەیەوە، لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا؛ پشتیوانی سەرسەختی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و، بەرگریکاری فراوانبونی مەوداکانی ئازادی رادەربڕین بوین.
بزوتنەوەی گۆڕان سزادانی چالاکوانان بە پێشهاتێکی ناجۆر دەزانێت و لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە: بڕیاری سزادانی (پێنج) چالاکوانی بادینان، بەپێی یاسای ژمارە (21)ی ساڵی (2003) بەتۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی، هەنگاوێکی مەترسیدارو پێشهاتێکی ناجۆری دەسەڵاتە دەرهەق بە چالاکوان و ئازادیخوازانی بادینان.
راگەیەندراوێک لە بزوتنەوەی گۆڕانەوە..
پەیوەندیدار بە کەیسی دەستگیرکراوەکانی بادینان، بۆ هەموو لایەکی ئاشکرادەکات؛ کە بڕیاری سزادانی (پێنج) چالاکوانی بادینان، بەپێی یاسای ژمارە (21)ی ساڵی (2003) بەتۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی، هەنگاوێکی مەترسیدارو پێشهاتێکی ناجۆری دەسەڵاتە دەرهەق بە چالاکوان و ئازادیخوازانی بادینان.
لە رەهەندی یاساییەوە، ئەو کارەی ئەو سزادراوانەی پێ تۆمەتبار کراون بەهیچ جۆرێک لەگەڵ سەپاندنی جۆری سزاکانیان یەکناگرێتەوە، هەربۆیە ئەم هەنگاوە وەک پەیامێکی مەترسیدار دەبینین بەرامبەر سەروەری یاسا و ئازادییە گشتیەکان لەلایەک و، ژیان و جوڵەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە گشتی و، چالاکوان و دەنگی ئازاد بە تایبەتی.
ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان، دووبارە و دووپاتی دەکەینەوە، بە سیاسیکردن و بە حیزبیکردنی سەکۆی دادگاکان و قەڵەمی دادپەروەری؛ دۆخی هەرێم بەرەو قەیران و ئاڵۆزی زیاتر دەبات، هەر لەو روانگەیەوە، لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا؛ پشتیوانی سەرسەختی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و، بەرگریکاری فراوانبونی مەوداکانی ئازادی رادەربڕین بوین.
ئەم بڕوابونەش، بە کردار لە هەنگاوە سیاسیەکانمان رەنگی داوەتەوە، وەک چۆن بە بەردەوام سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان و ئەندامانی ئامادەییان هەبوە لە کەیسی دادگایکردنەکەی ئەو چالاکوانانەی بادینان لە شاری هەولێر و پشتگیری حەق و سەروەری یاسا بون.

 بزوتنەوەی گۆڕان
١٦ی شوباتی ٢٠٢١


هەواڵی زیاتر