وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان: یەکێک لە رەگەزە کاریگەرەکان بۆ بەهێزبونى قەوارەى سیاسى هەرێم، پەرەپێدانە بە ئازادییە سیاسى و گشتیەکان

27/02/2021

ڕاگەیەندراوی فەرمی

وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ هەڵوێستى بزوتنەوەى گۆران رونە، ئامانجە نیشتمانییەکان لە ئامانجە دیموکراتییەکان جیاناکەینەوە، جەختیش دەکاتەوە، پێویستە بە زوترین کات بکەرانى هێرشکردنە سەر د.غالب محەمەد دەستگیربکرێن و رێکارى یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر.

دلێر عەبدولخالق، وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت: یەکێک لە رەگەزە کاریگەرەکان بۆ بەهێزبونى قەوارەى سیاسى هەرێم، پەرەپێدانە بە ئازادییە سیاسى و گشتى و ئازادییه‌كانی تاك و دەربڕینى ئازادانەى خەڵک کە بتوانن بێ پەردە بۆچونەکانى خۆیان دەرببڕن.

دەشڵێت:"ئێمە وەک بزوتنەوەى گۆڕان ئامانجى نیشتیمانى لە ئامانجى دیموکراتى و ئازادى رادەربڕین جیاناکەینەوە".

لەمیانى بەشداریکردن لە گەشتى هەواڵەکانى (رادیۆى دەنگى گۆڕان)دا، وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان باسى لەوەشکرد، پرسى ئازادى رادەربڕین و ئازادى رۆژنامەوانى و دەربڕینى ئازادانەى خەڵک، یەکێکە لە پرەنسیپەکانى گۆڕان و لە پێشینەى کارەکانیان دەیبینن، بۆیە وەک گۆڕان لەپشت هەر کەسێک دەبن کە لەسەر ئازادییەکانى پەلامار بدرێت، چونکە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانى دروستبونى گۆڕان ئەوەیە کە ملاملانێى چەکدارى گۆڕى بۆ ململانێى دیموکراسیانە و خەباتى پەرلەمانى و پەرەپێدان بە ئازادییەکان.

ئاماژەى بەوەشکرد، بۆ ئەو پرسە؛ هەڵوێستى فەرمى گۆڕان رونە، چونکە  مەترسییەکانى ئەو روداوانەیان باسکردووە، تیمەکانیان لە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکان دەنگیان بەرزبووە و بەرگریان لە خەڵک و لە ئازادییەکان کردووە و بەردەوامیش دەبن.

جەختیشى کردەوە، تا ئەمڕۆش عەقڵیەتێک هەیە کە پێیانوایە ململانێکان دەبێت لە رێگەى پەلاماردان و هەڵکوتانە سەر خەڵک و دەنگە جیاوازەکان بێت و بڕوایان بە دامەزراوە یاسایى و ئەمنییەکان نییە.

لەبارەى پەلاماردان و هێرشکردنە سەر د.غالب محەمەد ئەندامى فراکسیۆنى گۆڕان لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، وتەبێژى بزوتنەوەکە رایگەیاند: نەک د.غالب، بەڵکو هەر نوێنەرێکى هەڵبژێردراو و رۆژنامەوانێک و هەر کەسێک لە سەر ئازادییەکانى پەلامار بدرێت ئێمە وەک گۆڕان بە هى خۆمانى دەزانین و لەپشتى دەوەستین.

ئاشکراشیکرد، تائێستا دامەزراوە فەرمییەکان لەبارەى روداوەکەوە هیچ شتێکیان بە گۆڕان و بە رایگشتى نەوتووە، بەڵام گۆڕان جەخت لەوە دەکاتەوە کە بکەران دەستگیربکرێن و رێکارى یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر.


هەواڵی زیاتر