بزوتنەوەی گۆڕان: شەڕ و ئاژاوە لە قازانجی بەرژەوەندییەکانی کورد نیە لە کەرکوک

02/09/2023

ڕاگەیەندراوی فەرمی

بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت: حاشاهەڵنەگرە ناسنامەی کەرکوک کوردستانیە، بەڵام شەڕ و ئاژاوە لە قازانجی بەرژەوەندییەکانی کورد نیە لە کەرکوک و "باشترین بژاردە و هەنگاوی دڵسۆزانە بۆ نەتەوەکەمان، وەلانانی بەرژەوەندی حیزبی و کەسی و دوورکەوتنەوەیە لە فیتنە و ئاژاوە و ڕەچاوکردنی ڕایەڵەی پێکەوەژیانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان".

‎جڤاتى نیشتیمانى راگەیەندراوێک لەبارەى دواین پێشهاتەکانى دۆخى کەرکوک بڵاو دەکاتەوە و تێیدا رایدەگەیەنێت: حاشاهەڵنەگرە ناسنامەی کەرکوک کوردستانیە، لەبەرامبەردا نەیارەکانمان بە زەبروزەنگ و توندوتیژی و سەپاندنی ئیرادە دەیانەوێت ناسنامەی شارەکە بگۆرن، هەربۆیە هەر لایەنێکی کوردی هاوکار و هۆکار بێت بۆ ئاژاوە و قوڵکردنەوەی کێشەکان بە دڵنیاییەوە ئاو دەکاتە ئاشی داگیرکەران و ئەوانەی تائێستاش ددان بە مافە سەرەتاییەکانمان و پێکەوەژیانی ئاشتیانەدا نانێن.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە: ئێمە لە بزوتنەوەی گۆران داواکارین لایەنە کوردستانییەکان هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ ڕوداوە مەترسیدارەکانی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوی کەرکوک بکەن و، ئارامی و ئاسایش و ئاشتی کۆمەڵایەتی نێوان پێکهاتەکان بکرێتە ئەولەویەت، بەپێچەوانەوە شەڕ و نائارامی و پەشێوی بە قازانجی کێشە ڕەواکانی نەتەوەکەمان نیە و گرێکوێرەی چارەسەری کێشە بنەڕەتیەکان دواتر دەخات.

هەروەک تێیدا ئەوەخراوەتەڕو کە بەرپرسیارێتی پارتی و یەکێتی ئەوەیە لەبری عینادی و گواستنەوەی کێشە حیزبییەکان لە هەرێمەوە بۆ کەرکوک و ناوچەدابڕاوەکان؛ لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی پێکهاتەکانی کەرکوک بگەنە ڕێککەوتن بۆئەوەی چیتر خەڵکی ڕەسەنی کەرکوک نەبنە قوربانی ململانێی تەسکی حیزبی و خوێنی خەڵکی شارەکە چیتر نەڕژێت.


دەقى راگەیەندراوەکە:

بزوتنەوەی گۆڕان: شەڕ و ئاژاوە لە قازانجی بەرژەوەندییەکانی کورد نیە لە کەرکوک
‎هاونیشتمانیانی کوردستان..
‎خەڵکی کەرکوکی هەمیشە قوربانی..
‎لەم قۆناغە مەترسیدارەی کەرکوکییەکان پێیدا تێدەپەڕین، باشترین بژاردە و هەنگاوی دڵسۆزانە بۆ نەتەوەکەمان؛ وەلانانی بەرژەوەندی حیزبی و کەسی و دوورکەوتنەوەیە لە فیتنە و ئاژاوە و ڕەچاوکردنی ڕایەڵەی پێکەوەژیانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان. حاشاهەڵنەگرە ناسنامەی کەرکوک کوردستانیە، لەبەرامبەردا نەیارەکانمان بە زەبروزەنگ و توندوتیژی و سەپاندنی ئیرادە دەیانەوێت ناسنامەی شارەکە بگۆرن، هەربۆیە هەر لایەنێکی کوردی هاوکار و هۆکار بێت بۆ ئاژاوە و قوڵکردنەوەی کێشەکان بە دڵنیاییەوە ئاو دەکاتە ئاشی داگیرکەران و ئەوانەی تائێستاش ددان بە مافە سەرەتاییەکانمان و پێکەوەژیانی ئاشتیانەدا نانێن.
‎لەم چوارچێوەیەدا، ئێمە لە بزوتنەوەی گۆران داواکارین لایەنە کوردستانییەکان هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ ڕوداوە مەترسیدارەکانی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوی کەرکوک بکەن و، ئارامی و ئاسایش و ئاشتی کۆمەڵایەتی نێوان پێکهاتەکان بکرێتە ئەولەویەت، بەپێچەوانەوە شەڕ و نائارامی و پەشێوی بە قازانجی کێشە ڕەواکانی نەتەوەکەمان نیە و گرێکوێرەی چارەسەری کێشە بنەڕەتیەکان دواتر دەخات.
هاوکات، داوا لە حکومەتی ئیتحادی دەکەین بە پەلە کۆنترۆڵی بارودۆخەکە بکات و بەرپرسیاری ئاسایشی شارەکە لە ئەستۆ بگرێت، لەگەڵئەوەشدا بەرپرسیارێتی پارتی و یەکێتی ئەوەیە لەبری عینادی و گواستنەوەی کێشە حیزبییەکان لە هەرێمەوە بۆ کەرکوک و ناوچەدابڕاوەکان؛ لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی پێکهاتەکانی کەرکوک بگەنە ڕێککەوتن بۆئەوەی چیتر خەڵکی ڕەسەنی کەرکوک نەبنە قوربانی ململانێی تەسکی حیزبی و خوێنی خەڵکی شارەکە چیتر نەڕژێت.
لە کۆتاییدا، سەرەخۆشی خۆمان لە بنەماڵەی شەهیدان هاوکار عەبدوڵا و ئارام مستەفا دەکەین و ئومێدی چاکبونەوەی بەپەلە بۆ بریندارەکان دەخوازین.

جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان
٢ى ٩ى ٢٠٢٣


هەواڵی زیاتر