ئەندامێکى جڤاتى نیشتیمانى: بانگەوازى ئاشتەوایی نیەتێکى راستگۆیانە بۆ کارى پێکەوەیی لە پشتیەوەیەتى

20/02/2023

ئەندامێکى جڤاتى نیشتیمانى رایدەگەیەنێت؛ بزوتنەوەى گۆڕان کەموکوڕى و هەڵەى هەبوە، بەڵام هەڵەى ستراتیجی نەبوە و خیانەتى لە گەل و نیشتیمان نەکردوە و پەرێزى پاکە، ئێستاش کە بانگەوازى ئاشتەواییمان کردوە نیەتى بۆ بەخۆداچونەوە و کارى پێکەوەییە بۆ بەهێز کردنەوەى گۆڕان و نیەتى زۆر راستگۆیانەمان هەیە بۆ ئاشتەوایی و هێڵى سور لەسەر هیچ کەسێک نییە بۆ کارکردن لە ناو گۆڕان.

رۆڤان سەروەت، باژێروانى کفرى و ئەندامى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان، لەبارەى بانگەوازى ئاشتەوایی بزوتنەوەکەوە رایدەگەیەنێت؛ بانگەوازى ئاشتەوایی بزوتنەوەى گۆڕان بۆ کۆى هاوڵاتیان و دەنگدەران وهەڵسوڕاوانى بزوتنەوەى گۆڕانە، پێویستمان بە بەخواداچونەوە و خۆ رێکخستنەوە و بەهێز کردنەوەى گۆڕانە بۆ روبەڕوبونەوەى نادادییەکانە، ئەوەش بە کارى پێکەوەیی و پشتیوانى تەواوى هاوڕێکانمان و هەڵسوڕاوان و خەڵکى کوردستانە.

ئەندامەکەى جڤاتى نیشتیمانى ئاماژە بەوە دەکات لە چەندین وێستگە و لەماوەکانى رابردودا بزوتنەوەى گۆڕان هەنگاوى بوێرانەى ناوە و داننانى بە شکست و بانگەوازەکەشى هەر لەو سۆنگەیەوەیە، چونکە ئێمە پێمانوایە و ئەرزى واقیهیش ئەوەمان پێ دەڵێت کە سەرکەوتن و بەهێزبونەوەى گۆڕان ئارامى و سەقامگیرى و دادپەروەرى و ئازادى دەگەڕێنێتەوە، چونکە هێزێک هەبێت کە بە فیعلى روبەڕوى گەندەڵى و قاچاخچێتى و ناداپەوەرى و ئاستەنگەکانى بەردەم ئازادییەکان بوبێتەوە تەنها بزوتنەوەى گۆڕانە کە بوێرانە بەرامبەر هەمو نادادییەک وەستاوەتەوە و پڕۆژەشى هەبوە بۆ چاکسازى.

هەروەک ئاماژە بەوە دەکات کە لەم کابینەیەشدا بەشدارى حکومەتیان کردوە، وەزیرەکانى گۆڕان لە باشترین وەزیرەکانى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمن و هەمو کار و هەوڵێکیان بۆ چاکسازى و پێشکەشکردنى خزمەتى زیاترە بە هاوڵاتیان، دەشڵێت: گۆڕان هەڵقوڵاوى خەڵکە و سزاى خەڵکیشى قبوڵ بوە بۆیە بەخۆیدا دەچێتەوە".


هەواڵی زیاتر