باژێروانى کفرى گۆڕان: ئۆرگانەکان و میدیا و تیمەکانى گۆڕان لە حکومەتى خۆجێی و هەرێم پاڵپشتى گەیاندن و جێبەجێکردنى داوا رەواکانى خەڵکى کفرین

16/07/2023

باژێروانى مەکۆى کفرى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ داواکاریی مانگرتوانى شارى کفرى بۆ هێنانى پڕۆژەى خزمەتگوزاریی و رەخساندنى هەلى کار و بوژاندنەوەیە کە تائێستا حکومەت نەیکردوە لەکاتێکدا کفرى شارێکى سنورییە و مەترسى لەسەرە، دەشڵێت: بزوتنەوەى گۆڕان وەک لایەنێکى سیاسى هاوکات تیمەکانى لە حکومەتى خۆجێی گەرمیان و وەزیرەکانى لە حکومەت و میدیایەکەشى پاڵپشت و پشتیوانى گەیاندنى داوا رەواکانى خەڵکن و لەگەڵیاندابون.

رۆڤان سەروەرت، باژێروانى مەکۆى کفرى بزوتنەوەى گۆڕان، لەبارەى داواکارییەکانى خەڵکى کفرى کە شەش رۆژە نوێنەرەکانیان مانگرتنیان راگەیاندوە بە سایتى (گۆڕان)ى راگەیاند: حکومەتى هەرێم ستراتیژێکى باشى نەبوە بۆ گرنگیدان بە شارى کفرى و کێشە و داواکارییەکانى خەڵکیش کەڵەکەبون، چونکە ئێمە لە ساڵى (2012)ەوە دەستمان بە جوڵە کردوە و داواکارییەکانمان بە یاداشت و دیدار پێشکەشى لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەت و پەرلەمانیش کردوە، بەڵام تەنها بەڵێندراوە و تائیستا جێبەجێ نەکراون.

ئاماژە بەوەش دەکات؛ کفرى شارێکى سنورییە و مەترسى لەسەرە و خزمەت و پڕۆژەش نییە بۆ خزمەتى شار و خەڵکەکەى، حکومەتى هەرێم ستراتیژێکى باشى نەبوە، بۆیە دەبێت حکومەت گرنگى زۆرى پێبدات چونکە زەمینەى خزمەتیش هەیە لەسەرجەم کەرتەکانى وەک نەوت، گەشتوگوزار، وەبەرهێنان و کەلتور و شوێنەوار، بۆیە" داواکارى سەرەکى خەڵک هێنانى پڕۆژەى خزمەتگوزاریی و رەخساندنى هەلى کار و بوژاندنەوەیە، ناڕەزایەتیەکانیش بەردەوامى هەیە تا ئەو کاتەى حکومەت دێتە سەر خەت بۆ چارەسەرکردنیان".

لەبارەى هەڵوێستى بزوتنەوەى گۆڕان و تیمەکانیشیەوە، رۆڤان سەروەت دەڵێت: بە واجبى ئەخلاقى خۆمانى دەزانین پشتیوانى و پاڵپشتى داواکارییەکان بین، تەواوى ئۆرگانەکان و میدیاى گۆڕان لە خزمەتى گەیاندنى داوا رەواکانى خەڵکى کفریدابوە، تیمى حکومەتى خۆجێیی گۆڕان لە گەرمیان سەردانى مانگرتوانیان کردوە و وەزیرەکانیشى لە حکومەت بەڵێنیانداوە ئەوەى لە توانایاندا بێت بۆ جێبەجێکردنى داواکارییەکان لەگەڵیاندا بن و پاڵپشتیان بن".


هەواڵی زیاتر