مەکۆى کفرى گۆڕان: پێویستە کەسانی لێھاتوو و شارەزا بۆ بەڕێوەبردنى یەکە ئیدارییەکان دیارى بکرێن

17/08/2023

مەکۆى کفرى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ یەک دەنگى خەڵکى کفرى بوە هۆکارى ئەوەى حکومەتی ھەرێم بەتێکڕای لایەنە سیاسییەکانیەوە بێنە سەرخەت، بۆ چارەسەرى کێشەکانى کفرى و داواکارییەکانى خەڵک، ئێستاش کاتی ئەوەیە کەسانی لێھاتوو و شارەزا و ئەکادیمی یەکە ئیدارییەکانی شارەکە بەڕێوەببەن.

لەو راگەیەندراوەدا کە ئەنجومەنى قەزاى کفرى بڵاوى کردوەتەوە ئاماژە بەوەکراوە؛ چەندین ساڵە کێشەکانی کفری کەڵەکە بوون و حکومەتی ھەرێمیش ھۆکاری سەرەکی پەراوێزخستنی شارەکە بووە، ئۆباڵی سەرەکی پەراوێزخستنی شارەکەش دەکەوێتە سەرشانی بەرپرسی یەکە ئیدارییەکان، بۆیە ئێستا کە خەریکە دەستکەوتەکانی مانگرتنى مەدەنى خەڵکى کفرى دێتە بەرھەم، کاتی ئەوە ھاتووە کەسانی لێھاتوو و شارەزا و ئەکادیمی لەسەر بنەمای دڵسوزی و بوێری نەک پشک پشکێنەی حزبی و خزم خزمێنە، یەکە ئیدارییەکان بەڕێوە ببەن.

راگەیاندراوێک لەمەکۆی کفری بزوتنەوەی گۆڕانەوە
ھاوشاریانی ئازیزمان
چەندین ساڵە کێشەکانی کفری کەڵەکە بوون و ھۆکارەکانی ڕوون وئاشکران، کە حکومەتی ھەرێم، ھۆکاری سەرەکی پەراوێزخستنی شارەکەمان بووە، دەرنجامی ئەم ھۆکارانە وایکرد کەخەڵکی کفری بەھەموو بیروڕا جیاوازەکانیەوە بێتە سەرشەقام ومانگرتنێکی مۆدێرن ومەدەنیانە و سەردەمیانە نیشان بە ھەموو خەڵکی کوردستان و عیراق بدات، ئەو مانگرتنەی خەڵکی شار وایکرد حکومەتی ھەرێم بەتێکڕای لایەنە سیاسییەکانیەوە بێنە سەرخەت، بۆئەوەی کفری لەومەینەتییە دەربازبکەن.
وا خەریکە دەستکەوتەکانی ئەومانگرتنە مەدەنیە دێتە بەرھەم، سەرەڕای ئەوەی حکومەت ھۆکاری پەراوێز خستنی کفری بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئۆباڵی سەرەکی پەراوێزخستنی شارەکە دەکەوێتە سەرشانی بەرپرسی یەکە ئیدارییەکانی شار، کە لە چەندساڵی رابردوو خۆیان ھۆکارێک بوون بۆئەو پەراوێزخستنەی شارەکە، بۆیە خەڵکی شارەکەمان دڵنیا دەکەینەوە کەھەمیشە لەسەنگەری بەرگری دەبین لە مافەکانی شار، ئیستاش کاتی ئەوە ھاتووە کەسانی لێھاتوو و شارەزا و ئەکادیمی یەکە ئیدارییەکانی بەرێوەببەن، هاوکات دەخوازین لەسەر بنەمای دڵسوزی وبوێری دیاری بکرێن نەک لەسەر بنەمای پشک پشکێنەی حزبی و خزم خزمێنە.
مەکۆی کفری
بزوتنەوەی گۆڕان


هەواڵی زیاتر