جەمال قادر: ناکرێت هەمو مانگێک خەڵک بێتە سەر شەقام بۆ داواکاریی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان

07/02/2024

باژێڕوانى پێنجوێنى بزوتنەوەى گۆڕان دەڵێت: ناکرێت دانیشتوانى پێنجوێن هەمو مانگێک بۆ داواى مافە سەرەتاییەکانیان بێنە سەر شەقام و دەشڵێت: حکومەت خۆى قەیرانى زۆرە با وەڵامنەدانەوەى پێنجوێنییەکانیش نەکاتە قەیرانێکى دیکە.

جەمال قادر، باژێڕوانى پێنجوێنى بزوتنەوەى گۆڕان ئاماژە بە گرفت و داواکارییەکانى خەڵکى پێنجوێن دەکات و ئەوە دەخاتەڕو کە لەگەڵ هاتنى وەرزى زستان داواکاریی سەرەکی هاوڵاتییان دەبێتە کارەبا و ئاو و سوتەمەنیی و خزمەتگوزارییەکان کە لە ئاستى پێویستدا نین.
دەشڵیت: ساڵى رابردو بەشێوەیەکى مەدەنییانە خۆپیشاندانمان کرد، بەڵام تا ئێستا وەڵامى داواکارییەکانمان بە تەواوەتى نەدراوەتەوە و کێشەى کارەبا بەردەوامە لە سنورەکە و داهاتى دەروازەکانیش هیچى بۆ خزمەتى شارەکە خەرج ناکرێت، جگە لەو کێشانەى لە وەرزى زستاندا دوبارە دەبنەوە، تائێستا کێشەى رێگاوبانەکان لە سنورەکە چارەسەر نەکراون و "قافڵەى تەنکەرە نەوتەکان تەنها دوکەڵ و زیانەکانى بۆ خەڵکە و هیچ سودێکى بۆ پێنجوێنییەکان نەبوە، کەس نازانێت داهاتەکەى بۆ کێیە و چۆن دابەش دەکرێت"، لەگەڵ ئەوانەشدا پێویستە سەرچاوەى ئاوەکان لە سنورى پێنجوێن باشتر و لە خەزانى گەورەتر کۆبکرێنەوە تا بە سیستمێکى باشتر ئاو بدرێتە هاوڵاتییان و کێشەى ئاو لە سنورەکە نەمێنێت.

باژێروانى پێنجوێنى بزوتنەوەى گۆڕان پەیوەست بە وەڵامدانەوەى لایەنە پەیوەندیدارەکان و حکومەت، ئەوە دەخاتەڕو کە ؛ حکومەت بەرامبەر بە خەڵک و داواکارییەکانیان دڵسۆز نەبوە و وەڵامى پێویست و چارەسەرى نەبوە، پێویستە حکومەت وەڵامى داواکانیان بداتەوە و ناکرێت هەمو مانگێک خەڵک بێتە سەر شەقام بۆ داواکاریی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و لەم بازنەیەدا بخولێنەوە.


هەواڵی زیاتر