ئەنجومەنی قەزای کفری بزوتنەوەی گۆڕان: واجبى حکومەتى هەرێمى کوردستانە کاربکات بۆ گەڕاندنەوەى تەواوى روفاتى قوربانیانى ئەنفال و فشارکردن بۆ قەرەبوکردنەوەى کەسوکاریان

13/04/2024


ئەنجومەنی قەزای کفری بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛  بەداخەوە لەدوای ڕاپەڕین و لە سایەى حکومەتی هەرێمدا کە بەری رەنجی دەیان ساڵەی خەباتی میللەتەکەمان و کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوەکانە، هێشتا کەسوکار و تاقانەکانی ئەنفال لە چاوەڕوانى روفاتی پیرۆزی قوربانیان فرمێسکى حەسرەت دەڕێژن و دەشڵێت : واجبى حکومەتى هەرێمى کوردستانە کاربکات بۆ گەڕاندنەوەى تەواوى روفاتى قوربانیانى ئەنفال و فشارکردن لە حکومەتى ئیتیحادى بۆ قەرەبوکردنەوەى مادى و مەعنەوی کەسوکاریان


ڕاگەیندراوی ئەنجومەنی قەزای کفری بزوتنەوەی گۆڕان لە سی و شەشەمین ساڵیادی تاوانی ئەنفال دا

کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانی تاوانی ئەنفال
گەرمیانیە تێکۆشەرەکان

ئەمڕۆ ٢٠٢٤/٤/١٤ ساڵیادی یەکێک لە دڕندانەترین تاوان و جينۆسايدى مرۆڤایەتیە دەرهەق بە گەلەکەمان کراوە لەلایەن رژێمی لەناوچووی بەعسەوە.
تاوانی مەرگەسات و پلانى نەگریسى دوژمنان بۆ قڕکردنى گەلى کورد لەژێرناوى (ئەنفال) بەهەشت قۆناغ بەسەر دانیشتووانی سڤیلی پیاو و ژن و منداڵى بێ تاوانى کوردستان ئەنجامدرا لە ساڵی (١٩٨٨)، لەو مەینەتەدا گەرمیان وەک لانکەی شۆڕش و قوربانیدان و خەبات و فیداکاریی زۆرترین زیانی گیانی و ماددی و خاپوور کردن و کاولکاری و ڕووخاندنی دێهات و ئاواییەکانی بەسەرداهات.
ئەم قۆناغی سێی وەیشووم و پڕ لەمەرگەساتەی ئەم دەڤەرەی ئێمە لە ناوچەکانی داوێ و زەنگەنە و جاف و کفری و کەلار و دوزخوورماتوو لە (١٩٨٨/٤/٧) تا (١٩٨٨/٤/٢٠) بەردەوام بوو، کە تێیدا لەژێر هەڕەشەى ئاگر و ئاسندا و بەزۆرەملێ هەزاران ژن و پیاو و مناڵ و پیرەمێرد بەیەکجار و بەناهەق بەرەو وێستگەکانی مەرگ ڕەوانەکران و هەزاران ماڵ بە چاوساغی جاش و خۆفرۆشان و هێزەبەعسیەکان سوتێنران و روخێندران.

ئەنفال تراژیدیا و زامێکى هەمیشەیی میللەتی ئێمەیە و کەسوکارى قوربانیانیش دواى ساڵانێکى زۆر لەو مەرگەساتەی بیابانەکانی ناوەڕاست وخوارووی عیراق تا ئێستاش لە گۆڕغەریبى ئازیزانیان دەتلێنەوە .

بەداخەوە لەدوای ڕاپەڕینى سەراسەرى و لە سایەى حکومەتی هەرێمدا کە بەری رەنجی دەیان ساڵەی خەباتی میللەتەکەمان و کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوەکانە، هێشتا کەسوکار و تاقانەکانی ئەنفال لە چاوەڕوانى روفاتی پیرۆزی قوربانیان فرمێسکى حەسرەت دەڕێژن.

واجبى حکومەتى هەرێمى کوردستانە داکۆکى راستەقینە لە داوا رەواکانى کەسوکارى ئەنفالکراوان بکات بە گەڕاندنەوەى روفاتى قوربانیان و فشارکردن لە حکومەتى ئیتیحادى بۆ قەرەبوکردنەوەى مادى و مەعنەوییان و دەسەڵاتى دادوەرش بە سزاگەیاندنی جاش و خۆفرۆشەکان کەمێک لە دادپەوەرى بگەڕێنێتەوە و سەبورییەک بە کەسوکارى ئەنفالکراوان بدات، هەروەها ئەم یادە بکرێتە هەوێنی ئاشتکردنەوەی کەسوکاری ئەنفال کراوەکان و ئەم تاوانەى مرۆڤایەتی کە دەرهەق بە گەلەکەمان کراوە لە ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆکان بکرێنە پڕۆگرامەکانى خوێندن و لێکۆڵینەوە زانستنیان لەبارەوە بکرێت بۆ زیندو هێشتنەوەیان و گەیاندنى بە گەلانى دیکەى دنیا.

لەکۆتاییدا ..
سەری ڕێز و نەوازش بۆ قوربانیانی ئەنفال، ژیانێکى شایستە و شەرەفمەندانە بۆ تاقانە و بەجێماوانی ئەنفال  و نەفرەت و سەرشۆڕی بۆ بکەر و چاوساغانی ئەنفال دەخوازین

بزوتنەوەی گۆڕان
ئەنجومەنى قەزای کفری بزوتنەوەى گۆڕان

٢٠٢٤/٤/١٤


هەواڵی زیاتر