هزری سیاسی سیستم و هونەری حکومڕانییەتی لە زنجیرە کۆڕ و سیمینارەكانی ژوری توێژینەوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان
13/12/2025
لە
چوارچێوەی زنجیرە کۆڕ و سیمینارێکدا، ژوری توێژینەوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان
سیمینارێکی ناساندنی نوێترین کتێبی نوسەر سیروان حەمەڕەشید بە ناونیشانی (هزری
سیاسی سیستم و هونەری حکومڕانییەتی) رێکخست.
لە سیمینارەکەدا، کە ژمارەیەکی بەرچاو لە هەڵسوڕاوان لە مەكۆی سەرەكی
لە سلێمانی ئامادەی بون، نوسەر ئاماژەی بە ناوەڕۆكی
كتێبەكە كرد پەیوەست بە هزری سیاسی و سیستم و
هونەری حكومڕانێتی، باسی لە گرنگی فکری سیاسیی کرد لە مێژوی
سیاسیی و حوکمڕانیدا.
پەیوەندیدار
بە سیستمی حكومڕانی و هەرێمی كوردستان كە بەشێكی كتێبەكەی پێكهێناوە، نوسەر ڕونی
كردەوە كە ئەوەی ماوەی سێ دەیەیە لە هەرێمی کوردستان بەناوی حکومڕانی و دەسەڵاتەوە
دەگوزەرێت، لەگەڵ بنەما زانستییەکانی حکومڕانی و سیاسەت پێكنایەتەوە ئەوەش بەهۆی
بوونی گەندەڵی بێشومار و كەموكوڕی لە سیستمی بەڕیوەبردن و نادادپەوەری.
لە بەشێکی دیکەی سیمینارەکەدا نوسەر بە وردی باسی کتێبە نوێیەکەی کرد
و بڕیاریشە لە ئایندەدا لەرێگەی چەند سیمینارێکی دیکەوە لە شار و شارۆچکەکانی
کوردستان، کتێبەکە بۆ خوێنەران بخرێتەڕو.
دواتریش دەرگای گفتوگۆ بەڕووی ئامادەبووان کرایەوە و نوسەر بە واژۆی
خۆیەوە کتێبەکەی پێشکەشی ئامادەبووان کرد.