نوێنەری گۆڕان لەناو پەرلەمانی بەریتانیا: كورد خاوەنی دۆزێكی ڕەوایە و ئاشتی و پێكەوەژیانی دەوێت

26/03/2026

بۆ بەهێزکردنی پێگەی دیپلۆماسی و کولتووری کورد لە بەریتانیا، ڕێکخراوی  کوردیش پڕۆگریس Kurdish Progress  رێوڕەسمێكی فراوانی بۆ یادی جەژنی نەورۆز لە باڵەخانەی پەرلەمانی بەریتانیا ڕێکخست، كە ئەمە دووەمجارە لە ئەنجامی پەرەسەندنی لۆبی کوردی و هەوڵە بەردەوامەکانی ڕەوەندی کورد، یادی نەورۆز لەناو پەرلەمانی ئەو وڵاتە ئەنجام دەدرێت.
لە رێوڕەسمەكەدا، هەریەک لە سەرباز بەرزنجی و بەختیار مام شێخ وەک دوو ئەندام شارەوانی کورد بەشداربوون و فەرهاد مارف، بەرپرسی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ژووری ڕەوەندی کوردی نوێنەرایەتی بزووتنەوەی گۆڕانی كرد و وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا ڕایگەیاند: ئەمڕۆ دۆست و هاوڕێکانمان لەو وڵاتانەی ئاشتییان دەوێت ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندان، چونکە پەیامی ئێمە هەمیشە پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیان بووە گەلەكەمان خاوەنی دۆزێكی ڕەوایە.

بەهۆی زۆریی ژمارەی بەشداربووان و گرنگیی یادەکە، ئەمساڵ مەراسیمەکە لە دوو قۆناغی جیاوازدا بەڕێوەچوو
١. قۆناغی یەکەم بە ئامادەبوونی سەرۆکی پەرلەمانی بەریتانیا، کە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ بایەخی فەرمی وڵاتەکە بە دۆزی کورد.
٢. قۆناغی دووەم لە ژووری (جوبڵی) بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندام پەرلەمانەکانی بەریتانیا، نوێنەرانی شارەوانییەکان و کوردانی هەر چوارپارچەی کوردستان.
ئەم چالاکییە ڕێکخراوی (کوردیش پڕۆگریس) وەک سەرکەوتنێکی نوێی لۆبی کوردی لە ئەوروپا هەژمار دەکرێت، کە توانیویەتی دەنگی کورد بگەیەنێتە ناوەندە سیاسییە بڕیاردەرەکانی جیهان.


هەواڵی زیاتر