ئەڵمانیا؛ گۆڕان پشتیوانیی خۆی بۆ هاوپەیمانییەکی نوێی نەتەوەیی دووپات دەکاتەوە
29/03/2026
لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ یەکخستنی گوتاری نەتەوەیی
و پشتگیریکردن لە ڕەوهندی کوردی لە دەرەوەی وڵات، شاندێکی بزووتنەوەی گۆڕان بەشدارییان
کرد لە کۆنفرانسی دامەزراندنی هاوپەیمانی کۆمەڵگەی مەدەنی کوردی لە شاری دوسلدۆرفی
وڵاتی ئەڵمانیا و نوێنەرانی گۆڕان جگە لە پشتیوانی هاوپەیمانێتیەكە دوپاتیان
كردەوە هەر هەوڵێك بۆ داكۆكی لە دۆزی گەلی كورد بێت لە ریزی پێشەوە دەبن و داكۆكی
لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانیەكان دەكەن.
شاندی بزووتنەوەی گۆڕان كە لە پەری ئەحمەد ئەندامی جڤاتی
نیشتمانی و نالی پشدەری ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ئەڵمانیای بزوتنەوەی گۆڕان
پێكهاتبوون لە وتارێکدا كە لە میانی کۆنفرانسەکەدا پێشكەشیانكرد جەختیان كردەوە لە
ئامادەیی بۆ هاوکاری بە ئامانجی یەکخستنی گوتاری ڕەوەندی كوردی و گواستنەوەی هەوڵ
و چالاكیەكان لە دروشمەوە بۆ کردار.
نوێنەرانی گۆڕان ئاماژەیان بەوە کرد کە یەکڕیزیی نەتەوەیی
پێویستی بە هەنگاوی کردەیی و میکانیزمی ڕوون هەیە كە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کورد
لە سەرووی هەموو ململانێیەکی حزبی و کەسییەوە بێت و بۆئەوەش دروستکردنی هاوپەیمانییەكە
هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئەوەی دەنگی کورد بە یەکگرتوویی بگاتە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی
جیهان لەناویاندا ئەڵمانیا.
هاوكات شاندی بزووتنەوەی گۆڕان و ژووری ڕەوەندی کوردی، ڕەشنووسێکی
پێشنیارکراویان بۆ سەرخستنی پڕۆژەکە پێشکەش کرد و ئامادەیی تەواوی بزووتنەوەکەیان بۆ
هەر جۆرە پشتیوانی و هەماهەنگییەکی بەردەوام دووپاتکردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە بەشێکی
وتارەکەی گۆڕان گرنگی پاراستنی زمان و کلتوری کوردی وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ یەکێتی
نەتەوەیی لە تاراوگەدا ئاماژەی بۆكرا.
بزووتنەوەی گۆڕان وەک هێزێکی پێشەنگ لە چاکسازی و کاری نیشتمانی، بەردەوام دەبێت
لە پشتگیریکردنی ئەو جۆرە دەسپێشخەرییانەی کە کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوەیی کورد بەهێز
دەکەن و یەکڕیزیی ماڵی کورد دەپارێزن.