شاندی گۆڕان سەردانی بەرەی تورکمانی کرد
16/04/2026
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٦ی نیسانی ٢٠٢٦، لە درێژەی دیدارە سیاسییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ لای لایەنە جیاوازەکان و نوێنەرانی پێکهاتەکان، شاندێکی بزووتنەوەکە کە پێکهاتبوون لە (دلێر عەبدولخالق، شاخەوان ڕەئوف بەگ و ڕۆڤان سەروەت) ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی، لەلایەن ئایدن مەعروف، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی و ژمارەیەک لە سەرکردایەتی ئەو حزبە پێشوازییان لێکرا.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دۆخی سیاسی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردولا کرا، شاندی گۆڕان ئاماژەیان بەوە کرد کە بزووتنەوەکە دوای کۆنفرانس و سەرباری سیاسەتە نەگۆڕەکانی، ئامانجیەتی پەیوەندییەکی تەندروست و بەهێزی لەگەڵ سەرجەم هێزە سیاسییەکانی هەرێم و عێراق هەبێت، بەتایبەت ئەو لایەنانەی نوێنەرایەتی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییە جیاوازەکان دەکەن، ئەمەش لەپێناو پاراستنی تەبایی و پێکەوەژیان لە ناوچەکەدا.