شاندی باڵای بزوتنەوەی گۆڕان بە سەرۆکایەتی دانا ئەحمەد مەجید سەردانی حەیدەر عەبادی دەكات
15/06/2026
لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، وەفدی بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرۆکایەتی دانا ئەحمەد مەجید و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی سیاسیی و جڤاتی نیشتیمانی، سەردانی حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسڕ و سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق دەكات.
ئامانجی سەردانەکە ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی سیاسی و دیپلۆماسیە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و لایەنە سیاسییەکان لەپێنا و گفتوگۆی بنیانتەر بۆ چەسپاندنی سەقامگیری، چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی هەولێر و بەغدا و باشترکردنی بژێویی ژیانی هاووڵاتییانە لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی ماددە دەستوورییەکان.
لەو کۆبوونەوانەدا، بزووتنەوەی گۆڕان جەختی لەسەر پاراستنی سەقامگیری و ئاشتیی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە عێراقدا کردووەتەوە. هاوکات، گفتوگۆی چڕ لەسەر تێپەڕاندنی ئەو قەیران و ئاستەنگانە کراوە کە ڕووبەڕووی پرۆسەی سیاسیی عێراق بوونەتەوە، لەگەڵ پێداگریی تەواو لەسەر چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق.