بزوتنەوەی گۆڕان لە هەولێرەوە لەمپەرەکان تێدەپەڕێنێت

24/08/2026

ئەمڕۆ، دووشەمە ٢٤ی ئابی ٢٠٢٦، لە مەکۆی پەیوەندییەکانی شاری هەولێر، بە سەرپەرشتیی دانا ئەحمەد مەجید و بە بەشداری ئەندامانی ئەنجومەنی سیاسی و جڤاتی نیشتمانی و ئەنجومەنی ڕاوێژکاریی، كۆبونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە پارێزگای هەولێر بەڕێوەچوو. ئامانجی کۆبوونەوەکە تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان، هەڵسەنگاندنی دۆخی ناوخۆیی، تاوتوێکردنی پێشهاتە سیاسییەکان و داڕشتنی نەخشەڕێگای داهاتوی بزوتنەوەکە بوو.

لە تەوەری یەکەمی کۆبونەوەکەدا، کاردۆ محەمەد، سەرپەرشتیاری ڕێکخستنەوەکانی هەولێر، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە گۆڕانکارییە ڕێکخراوەییەکان پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر هەنگاوە کردارییەکانی ئامادەکاری بۆ "کۆنفرانسی تەواوکاری" لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، و ئامادەبووانی لە بەرەوپێشچوونەکانی ئەم دواییەی پرۆسەکە بەرچاوڕون کرد.

دواتر، دانا ئەحمەد مەجید شیکردنەوەیەکی وردی بۆ پەرەسەندنە سیاسییەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق خستەڕو. هەروەها ستراتیژی پەیوەندییەکانی بزوتنەوەی گۆڕانی لەگەڵ هێزە کوردستانی و عێراقییەکان و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان تاوتوێ کرد.

لەو بارەیەوە، جەختی لەوە کردەوە، کە سەرەڕای ئاڵنگارییە سەختە ڕێکخراوەیی و سیاسییەکان، گۆڕان هەنگاوی گرنگ و ئەرێنی بڕیوە و بە پشتیوانی هەموو لایەک و لە داهاتویەکی نزیکدا؛ بزوتنەوەکە کاردەکات بۆ گەڕاندنەوەی کاریگەری و پێگەی خۆی لە سەرجەم ناوچەکان، بەتایبەتی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی نوێنەرایەتیکردنی ڕاستەقینەی خواست و داواکارییەکانی خەڵک و هاونیشتمانیان.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی و ئەنجومەنی ڕاوێژکاری بە دیدێکی گەشبینانەوە گفتوگۆیان لەسەر نەخشەڕێگای داهاتووی بزوتنەوەکە کرد. هاوکات ئیرادەی خۆیان دووپات کردەوە کە بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە پرۆسەی کۆنفرانسی تەواوکاری بە ئەنجام دەگەیەنن و سەرجەم ئەو لەمپەر و ئاڵەنگارییانە تێدەپەڕێنن کە دێنە ڕێگەیان.


هەواڵی زیاتر