ئەنجومەنی سیاسیی گۆڕان جەخت لە چارەسەری قەیرانی سیاسیی و سووککردنی بارگرانیی ژیانی هاوڵاتیان دەکاتەوە
16/11/2026
ئەمڕۆ دووشەممە، ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، ئەنجومەنی سیاسیی بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرپەرشتی دانا ئەحمەد مەجید، ڕێکخەری گشتیی، کۆبووەوە و دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکەی تاوتوێ کرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، ھەڵوەستە لەسەر دۆخی سیاسیی ھەرێم کرا و گرتنەبەری هەنگاوی کرداری و نیشتمانی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی سیاسیی هەرێمی کوردستان و کاراکردنەوەی دامەزراوە شەرعییەکان بە پێویستی لەپێشینەیی ئەم قۆناغە ھێنرایە زمان.
پەیوەندیدار بە عێراق، هەوڵدان بۆ دروستکردنی کۆدەنگیی نیشتمانیی کوردی لە بەغدا، پاراستنی هەرێم و پێداگیری فراکسیۆنە کوردییەکان بۆ جێکردنەوە و چەسپاندنی بڕی پێویستی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژە بودجەی ساڵی دارایی ٢٠٢٧ی فیدڕاڵی هەڵوەستەی ڕژدی لەسەر کرا.
ئەنجومەنی سیاسی لەسەر دۆخی ژیان و بژێوی هاوڵاتیان و ئەو قەیران و بارگرانییانە وەستا، کە بەهۆی دواکەوتنی موچە و قەیرانی دابینکردنی سووتەمەنی، کارەبا و ئاو ڕوبەڕووی هاونیشتمانیانی هەرێم بووەتەوە.
لەم بارەیەوە، جەخت لە پێویستیی هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەنووکەییەکان، دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان و سووککردنی بارگرانیی سەر شانی هاوڵاتیان کرایەوە.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، دۆخی ناوخۆیی بزووتنەوەی گۆڕان، پێداچوونەوە بە کار و ڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکان، هەروەها داڕشتنی گوتارێکی سیاسی کە وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی ئەم قۆناغە و دۆخی هەرێمی کوردستان بێت، تاوتوێ کر