نوێنەری گۆڕان لە فینلاند: هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوا، هێرشە بۆ سەر هەموو كوردستان
10/01/2026
بەمەبەستی پشتگیریکردن لە گەلی کورد لە ڕۆژئاوای
کوردستان و شەرمەزارکردنی ئەو کۆمەڵکوژییەی لە ئێستادا لە سووریا دژی کوردان ئەنجام
دەدرێت، ڕەوەندی کوردی و لە پایتەختی فینلاند، لە بەردەم باڵەخانەی پەرلەمانی ئەو وڵاتە
گردبوونەوەیەکی جەماوەرییان ڕێکخست و تێیدا نوێنەری گۆڕان ڕایگەیاند: هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوا، هێرشە
بۆ سەر هەموو كوردستان.
لە گردبوونەوەکەدا، کە ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردستانیان
و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان تێیدا بەشدار بوون، جەخت لەسەر یەکڕیزیی نەتەوەیی و پاراستنی
دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کرایەوە و تێیدا هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان لە
فینلاند وەک ئەرکێکی نەتەوەیی، بەشدارییەکی کاریگەریان لە گردبوونەوەکەدا کرد. لەو
چوارچێوەیەدا، حەیدەر زەهاوی، بە نوێنەرایەتی ئەنجومەنی بزووتنەوەی گۆڕان لە فینلاند،
وتارێکی پێشکەش کرد.
زەهاوی لە وتارەکەیدا وێڕای پشتیوانی بۆ ڕۆژئاوا،
ڕایگەیاند: "ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود، تەنیا
هێرش نین بۆ سەر ناوچەیەک، بەڵکو هێرشن بۆ سەر هەولێر، ئامەد و مەهاباد و تەواوی ناسنامەی
نەتەوەیی کورد.
لە کۆتایی چالاکییەکەدا، یاداشتنامەیەکی هاوبەش
لەلایەن لایەنە سیاسییە کوردییە بەشداربووەکانەوە ئاراستەی پەرلەمانی فینلاند کرا.
لە یاداشتنامەکەدا داوا لە حکومەتی فینلاند و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە کە هەڵوێستی
جدییان هەبێت بەرامبەر بەو تاوانانەی بەرامبەر بە کوردانی ڕۆژئاوا ئەنجام دەدرێن و
فشار بخەنە سەر لایەنە شەڕکەرەکان بۆ ڕاگرتنی خوێنڕشتن.