نوێنەری گۆڕان لە فینلاند: یەكڕیزی و پێكەوەیی پرسە نەتەوەییەكان بەرەوپێش دەبات

16/08/2026

بە بۆنەی ٨٠ ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕێوڕەسمێکی تایبەت لە شاری سالۆی وڵاتی فینلاند بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە نوێنەرانی هێزە سیاسییەکان و کۆمەڵێک لە کوردانی دانیشتووی فینلاند بەڕێوەچوو.
لەو ڕێوڕەسمەدا، وەفدێکی بزوتنەوەی گۆڕان بە سەرۆکایەتی سیروان سابیر، بەرپرسی ئەنجومەنی فینلاندی بزوتنەوەی گۆڕان، بەشداریی کرد و پەیامی پیرۆزبایی بزوتنەوەی گۆڕانی بۆ بۆنەکە پێشکەش کرد.

سیروان سابیر لە وتاری بزوتنەوەی گۆڕاندا لە ڕێوڕەسمەكە جەختی لەسەر گرنگی یەکڕیزی، هاوکاری و گفتوگۆی نێوان هێزە سیاسییەکان کردەوە، ئاماژەی بەوەشكرد كاری پێكەوەیی و نزیکبوونەوەی هێزە سیاسییەکان دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە بەهێزکردنی پرۆسەی سیاسی و خزمەتکردن بە بەرژەوەندییە گشتییەکانی گەلەکەمان هەبێت.

لە کۆتاییدا، ئەنجومەنی فینلاندی بزوتنەوەی گۆڕان پیرۆزبایی خۆی بەم بۆنەیە ئاراستەی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەندامان و لایەنگرانی کرد و هیواداری بەردەوامبوونی هەوڵەکان بۆ پەرەپێدانی کەشێکی هاوکاری و دیالۆگ لەنێوان هێزە سیاسییەکان بوو.


هەواڵی زیاتر